گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەندامێکی شاندی بەغدا بۆ ناس کورد

لێدوانێکى ’’ئەرێنى’’ لە بەغداوە بارەى دانوستانەکان لەگەڵ هەرێم

2020.12.14 - 21:35
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانێکى ’’ئەرێنى’’ لە بەغداوە بارەى دانوستانەکان لەگەڵ هەرێم

ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح

ئەندامێکی لیژنەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر ڕایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان شاندی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی ئەرێنی بوون، تەنها چەند شتێکی تەکنیکی کە پەیوەستە بە هەرێمەوە ماوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حەسەن شوێرد، ئەندامی لیژنەی گفتوگۆی نێوان حکومەتی فیدراڵ وحکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" ( 14ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "کەشی دانوستانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان بەغدا و هەولێر ئەرێنی بوون، هەردوولا هاوڕان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، بەجۆرێک کە دەبێت لەبەرژەوەندی گەلی کوردستان بشکێتەوە".

 

وتیشی، "شاندی هەرێم بۆ چەند ڕۆژێکی دیکەش لە بەغدا دەمێننەوە، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا و پێش ناردنی بودجەی بۆ پەرلەمان، ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان بەغدا و هەولێر واژۆ بکرێت".

 

شوێرد ڕوونیکردەوە، "ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان بەغدا و هەولێر چەند شتێکی تەکنیکی ماوە کە پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە، ئەوەش پەیوەستە بە دیاریکردنی نرخی نەوت، کەلەئێستادا ناجێگیرە".

 

ئەندامەکەی لیژنەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، "کاری لەپێشینەی هەمووان لە ئێستادا ڕێککەوتنە لەسەربودجەی 2021، چونکە ئەگەر ئەو بودجەیە زیاتر دوابکەوێت گەلی عێراق بەگشتی دووچاری دۆخێکی دارایی و بژێوی سەخت دەبێتەوە".

 

"هەموولایەنەکان هاوڕان لەسەرئەوەی کە نابێت ماف وشایستە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێشیل بکرێت" حەسەن شوێرد وای وت.

 

شاندێکى باڵاى حکومى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى (9ی کانونی یەکەمی 2020) گەیشتە بەغدا و لەگەڵ دەسەڵاتدارانى بەغدا سەرقاڵى گفتوگۆ و دانوستانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی بودجە و نەوت.

 

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەت کە هاوکات سەرۆکى شاندى هەرێمە لە بەغدا ( 14ی کانوونی یەکەمی 2020) لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا کە "ناس کورد" بینیویەتى وتى، "پابەندبونمان بە یاساى قەرز نیشانداوە، بۆ ڕادەستکردنى نەوت و داهات".



وتیشى، "ئێستا چاوەڕوانى وەڵامى بەغداین کە پێمان بڵێت بەرامبەر ئەوە پشکى هەرێم چەند دەبێت".



قوباد تاڵەبانى جەختیکردەوە کە "دانوستانەکان بەردەوامن و شکستى نەهێناوە، لە بەغداش دەمێننەوە تا دەگەن بە ڕێککەوتن."

 

باسى لەوەشکرد، دۆخى سیاسی لە عێراق ئاڵۆزە بۆیە فشارێک هەیە لەسەر لایەنە سیاسییەکان لەو بارەیەوە و پرسەکە کە خۆى ئاڵۆزە ئاڵۆزتر کراوە.