گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەدواداچوون دەکەن

پەرلەمان لیژنەیەکی لەسەر خۆپیشاندانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە پێکهێنا

2020.12.14 - 19:33
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمان لیژنەیەکی لەسەر خۆپیشاندانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە پێکهێنا

ناس کورد-

سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هاوبەش بۆ بەدواداچوونی خۆپیشاندان و توندوتیژیەکانی ڕۆژانی رابردوو. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (14ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، بڕیاردراوە لیژنەیەکی هاوبەش لە لیژنەکانی (یاسایی، ناوخۆو مافی مرۆڤ)ی پەرلەمانی کوردستان پێکبهێنرێت تایبەت بە خۆپیشاندان و توندوتیژیەکان و بۆ ئەوەش لیژنەکە سەردانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و سەرجەم ئەو شوێنانە دەکات کە خۆپیشاندانی تێدا رویداوە.  

 

زیاتر بخوێنەوە: لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان ’’ئاماری هەڵە’’ لەبارەى قوربانیانی خۆپیشاندانەکان بڵاودەکاتەوە

 

باسی لەوەشکرد، لەکاتی سەردانی لیژنەکەی پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوون لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت و سەردانی ماڵی شەهیدانی خۆپیشاندانەکان و بریندارەکان و دەستگیرکراوەکانیش دەکرێت و بەدواداچوون لەبارەی کێشەو گرفتەکان دەکەین و ڕاپۆرتێک لەوبارەیەوە ئامادە دەکەین.

 

رۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.  

  


رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.  

  


رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق و دەربەندیخان و کفری و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و چەند شارێکی ڕژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەندی بینایەکی تری حکومی لەو شارانە سوتێنران.  

  


تائێستا بە کۆی گشتی، شەش خۆپیشاندەر لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان، کفری، سەیدسادق و تەکیە کوژراون، هەروەها دوو کەس لە هێزە ئەمنییەکانیش کوژران، هاوکات نزیکەى 100 بریندار لە ڕیزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان تۆمار کراون.