گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کێشەکانی هەرێم و فیدڕاڵ ’’

پەرلەمانتارێكی سەدری: متمانەمان بەكورد نەماوە هەر وەردەگرن و هیچ نابەخشن

2020.12.14 - 13:40
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێكی سەدری: متمانەمان بەكورد نەماوە هەر وەردەگرن و هیچ نابەخشن

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکى هاوپەیمانیى سائیرون بە ڕابەرایەتى موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، کێشەکانى فیدراڵ و هەرێم بوونەتە کێشەى هەمیشەیى و متمانەیان بە حکومەتی هەرێم نەماوە، دەشڵێت، کورد هەر دەبەن و نابەخشن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەلێدوانێکى دا بۆ فورات نیوز کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، بەدر زیادى، پەرلەمانتارى هاوپەیمانى سائیرون (دووشەممە 14ى کانوونى یەکەمى 2020) ڕایگەیاند، دانوستان لەگەڵ شاندى کوردى بەمەبەستى ڕێککەوتن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان و بەدەستخستى بڕە پارەیەک بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخى هەرێم بەردەوامە، بەڵام نە ئێستا و نە دواتر یەکلایى ناکرێتەوە.

 

زیادى ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، "کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بونەتە کێشەى هەمیشەیى بەهۆى ئەوەى ئیرادەیەکى ڕاستەقینە نیە بەڵاى شاندى دانوستانکارى هەرێمەوە، ئەوان هەر دەبەن و نابەخشنەوە."

 

پەرلەمانتارەکەى سائیرون دەشڵێت، پاڵنەرى سەرەکى دانوستانەکانى هەرێم بۆ ڕەوانەکردنى 320 ملیار دینارى موچەى فەرمانبەرانە و هەموو بڕیارێکیش بۆ ڕەوانەکردنى پارە بۆ هەرێم بێ بنەمایە، چونکە دەبێت هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە ڕادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات کە بەپێى ئەوەى کە لەیاسایى قەرزەکاندا هاتووە، دواتر پارەی بۆ ڕەوانە بکرێت. 

 

زیادى وتووشییەتى، " متمانەمان بەکورد نەماوە ئەمڕۆش سوورین لەسەر ڕادەستکردنى نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ، ئەگەر حکومەتیش بەپێچەوانەى یاساى قەرز بجوڵێتەوە ئەوا لێپرسینەوەى لێ دەکرێت و هەموو لایەنە سیاسیەکانیش لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون کە پێچەوانەى ئەو یاسایە مامەڵە نەکەن."

 

پەرلەمانتارەکەى سائیرون ئەوەشى خستووەتەڕوو، حکومەتى هەرێم بەرپرسە لەو زیانەى کە بەو هۆیەوە لە هاوڵاتیانى دەکەوێت و هەرێم زیاتر لەوەى کە لەیاساى قەرزەکاندا هاتووە نەوت هەناردە دەکات و مافى ئەوەشى نیە بێ ئاگادارى فیدراڵ گرێبەستى نەوت بکات.

 

شاندێکى باڵاى حکومى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى (9ی کانونی یەکەمی 2020) گەیشتە بەغدا و لەگەڵ دەسەڵاتدارانى بەغدا سەرقاڵى گفتوگۆ و دانوستانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی بودجە و نەوت.      

  

ڕۆژی شەممە (12ی کانوونی یەکەمی 2020)، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق و محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان سەرۆکایەتى کۆبوونەوەى وەفدى عێراقیان کرد و لە کۆبونەوەیان لەگەڵ وەفدى کوردى گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا.    

  

چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوەیەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد و پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕایگەیاند، هەردوولا بەشێوەی سەرەتایی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.        

  

 شەوی ڕابردووش 13ی کانوونی یەکەمی 2020، قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى شاندى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغدا، ئاماژەى بەوە کرد کە هێشتا هەولێر و بەغدا ماویانە بگەن بە ڕێککەوتن.    

  

سەرۆکى شاندى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕاشیگەیاند، هەرچەندە هەنگاوى باش چونەتە پێشەوە لە گفتوگۆکان بەڵام هێشتا ماویانە بگەن بە ڕێککەوتنى کۆتایى.