ناس کورد-
لە ڕووداوێکی سەیردا شاری لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریکا، کەسێک دەچێتەسەر باڵی فڕۆکەیەک و دەیەوێت بەوشێوەیە بە ئاسماندا بفڕێت، بەڵام دەکەوێتەخوارەوە و دواتر دەستگیردەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕووداوەکە لە فڕۆکەخانەی ماکاران لە شاری لۆس ئەنجلس ڕوویداوە و بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییە تۆمارکراوەکان، پێش ئەوەی فڕۆکەکە بفڕێت، کەسێک چووەتەسەر باڵێکی فڕۆکەکە و هەوڵدەدات بگاتەسەر نوکی باڵەکە.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، ئەو کەسەی چووەتەسەر باڵی فڕۆکەکە، ناوی ئەلیخاندرۆ کارڵسۆنە و تەمەنی 41 ساڵە، ماوەی 45 خولەک لەسەر باڵی فڕۆکەکە بووە تا پۆلیس نزیکبووەتەوە لێی.
بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان، لەکاتی گەیشتنی پۆلیس بۆسەر باڵی فڕۆکەکە، کارڵسۆن دەکەوێتە خوارەوە و دەسبەسەر دەکرێت.
کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئالاسکا ڕایگەیاندووە، بڕیاربووە فڕۆکەکە بەرەو شاری پۆرتلاند لە ولایەتی ئەریگۆن بفڕێت، بەڵام پێش فڕینی ئەو ڕووداوە ڕوویداوە.
لەدوای دەسبەسەرکردنی، کارڵسۆن بردراوەتە سەنتەرێکی پزیشکی بۆ چارەسەرکردنی برینە سوکەکانی و دواتر دەبرێتە زیندان، تائێستاش هۆکاری کارە سەیرەکەی ڕوون نەبووەتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی "ABC" سەرنشینانی فڕۆکەکە شۆک بوون بە بینینی دیمەنەکە و یەکێک لە کارمەندانی فڕۆکەکەش وتوویەتی،لە ژیانیدا ڕووداوی لەوشێوەیەی نەبینیوە.