ناس كورد-
وەزیرى ناوخۆى عێراق چوار فەرمانى لەبارەى کاروبارى هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ لەشنگال دەرکرد و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنى نێوان هەرێم و فیدراڵ چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عوسمان غانمى وەزیرى ناوخۆى عێراق لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا کە لەشارۆچکەى شنگال ئەنجامیدا و "ناس کورد" بینویەتى (13ى کانوونى یەکەمى 2020) ڕایگەیاند "بڕیارمان بەبڵاوکردنەوەى زیاترى هێزە ئەمنیەکانداوە هەروەها بەزیادکردنى دەزگاکانى سەر بەوەزارەتى ناوخۆ و زیادکردنى ژمارەى هێزى چەکدار بۆ بنکەکانى پۆلیسى شارۆچکەکە".
غانمى ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، فەرمانیشیان بەکردنەوەى نوسینگەکانى پۆلیسى هاتووچۆ و هەروەها پۆلیسى نەهێشتنى تاوان و فریاکەوتن لەشارۆچکەکە کردووە بۆ ئەوەى ئۆقرەیى بەشێوەیەکى تەواو لەناوچەکەدا بەرقەرار بێت و ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە.
وەزیرى ناوخۆ باسى لەوەش کرد، لەقۆناغى یەکەمدا دەستکراوە بە جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى شنگال لەنێوان هەرێم و فیدراڵدا و هەموو هەنگاوێکى سەرەتاش بۆ چەسپاندنى پێویستى بە ماوەیەکى زەمەنى هەیە بۆ ئەوەى بەتەواوى بچەسپێنرێت.
وەزیرى ناوخۆ ئەوەشى خستووەتە ڕوو، لەئێستادا بارودۆخەکە بۆ جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکى ئاسایى بەڕێوە دەچێت و لەچەند ڕۆژى داهاتوشدا دەچنە وردەکارى زیاترەوە بۆ ئەوەى چەسپاندنى ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەک بێت خواستى خەڵکەکەى لەگەڵدا بێت.
غانمى لەشنگالەوە جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، ڕێککەوتنەکە لێ لانادرێت و جێبەجێدەکرێت لەنێوان حکومەتى هەرێم و فیدراڵدا.