گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کاردانەوەیەکی توند لە پارتییەوە

کاردانەوەیەکی توند لە پارتییەوە دژی حەشدی شەعبی ’’دوو ڕێگە هەیە’’

2020.12.12 - 20:41
App store icon Play store icon Play store icon
کاردانەوەیەکی توند لە پارتییەوە دژی حەشدی شەعبی ’’دوو ڕێگە هەیە’’

ناس کورد-

پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دروستکردنی فەوجێکی کوردیی حەشدی شەعبی لە کەرکوک هاتەدەنگ و بەرپرسێکی باڵای ئەو حزبە ڕایگەیاند، دروستکردنی ئەو هێزە بۆ نانەوەی ئاژاوەیە و ئاماژەی بەوەشكرد، پارتی یان بەڕێگەی ئاشتی یان ڕێگەی دیکە هەر دەگەڕێتەوە کەرکوک.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ شەممە یەکەم فەوجی حەشدی کورد لە کەرکوک پێکهێنرا و بەرپرسی ئەو حەشدە ڕایگەیاند، "پێکهێنانی ئەو دەستەیە بۆ پاراستنی ناوچە کوردییەکان و هاوڵاتیانی کوردە لە کەرکوک". 

 

زیاتر بخوێنەرەوە: حەشدی کوردی لە کەرکوک پێکهێنرا و بە ناوچە کوردییەکاندا بڵاودەبێتەوە

 

کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ئەو حزبە لە کەرکوک، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، (شەممە 12ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "کەرکوک داگیرکراوە و کاری حەشدی شەعبی نییە بچێت بیپارێزێت، دروستکردنی ئەو فەوجە کوردەش بۆ نانەوەی ئاژاوەیە و فەرماندەی فەوجەکە، فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە."

 

وتیشی، " هەر کوردێک ئەگەر زەڕەیەک کەرامەتی هەبێت خۆی لەو حەشدە نزیک ناکاتەوە کە کەرکوکی داگیر کرد، چونکە بە حەشد کەرکوک ناپارێزرێت، بۆیە ئەو کەسانە بەدەرن لە کورد و لە خیانەتکارانی مێژووی کوردن."

 

ئاماژەی بەوەشكردە، "هەوڵێک لەنێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵی هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک، هۆکاری دواکەوتنی کارەکانیش دۆخی خراپی عێراقە کە لەئێستادا عێراق لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە."

 

سەبارەت بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک، بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، "پارتی هەر دەگەڕێتەوە کەرکوک، دوو ڕێگە هەیە بۆ گەڕانەوە، یەکەم بەڕێگەی ئاشتی، ئەگەریش بەڕێگەی ئاشتی نەبوو، ئەوا بژاردەی دووەم و ڕێگەی دیکە هەڵدەبژێرین."