ناس کورد-
مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق و محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان سەرۆکایەتى کۆبونەوەى وەفدى عێراقیان کرد و لە کۆبونەوەیان لەگەڵ وەفدى کوردى گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێڕاق لە ڕاگەیەندراوێکدا (12ى کانونى یەکەمى 2020)بڵاویکردوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پابەندبوون بە جێبەجێکردنى یاساى پڕکردنەوەى کورتهێنانى دارایى کە مانگى پێشوو پەرلەمان دەنگى لەسەر داوە کراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئالیەتەکانى جێبەجێکردنى ئەو یاسایە کراوە بەشێوەیەک تێیدا دادپەروەرى لە دابەشکردنى بەسەر هەموو ناوچەکانى عێراقدا بهێنرێتە دى.
پێشتر، سەمیر ھەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان (12ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، بڕیارە پاش نیوەڕۆ كۆبونەوەی لوتكە لە بەغدا ئەنجامبدرێت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی لیژنەی دارایی، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چۆنیەتی رێككەوتن لەنێوان هەرێمو بەغدا.
سەمیر ھەورامی وتیشی، "شاندی هەرێم هەوڵی زامنكردنی 320 ملیار دینارەكەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە یاسای كورتهێنانی قەرزدا دەدات".
لە كۆبوونەوەكانی پێشوودا، لەگەڵ حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، "ئامادەین رێككەوتن لەسەر پرسی نەوت و دارایی بكەین و ئەوەی لەسەر حكومەتی ھەرێمە بەپێی یاسا و دەستور جێبەجێی دەكەین، لەبەرامبەردا دەبێت ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێم دیاری بكرێت و بدرێت."