ناس کورد-
ئاژانسی جیهانیی فرانس پرێس ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵاتدارانى سلێمانى بەهێزى چەکدارى هەوڵى سەرکوتکردنى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان دەدەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاپۆرتێکیدا کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە، ئاژانسى فرانس پرێس (12ى کانوونى یەکەمى 2020) ڕایگەیاندووە، توڕەى و ناڕەزایەتى خەڵکى لەدژى فەرمانڕەواى چەند بنەماڵەیەکى دەسەڵاتدار بەرفروان بووە و پەنجەى تۆمەتى گەندەڵى و بەهەدەردانى ماڵى گشتى دەدرێتە پاڵ بنەماڵەى بارزانى کە ئەو بنەماڵەیە پۆستەکانى سەرۆکایەتى هەرێم و سەرۆک وەزیران بەڕێوە دەبەن.
فرانس پریس سەرهەڵدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى هەرێم کوردستان بەتایبەتى شارى سلێمانى بەها و شێوەى خۆپیشاندانەکانى بەغدا و خواروى عێراق دەشوبهێنێت کە ساڵى 2019 سەریهەڵدا و بەشۆڕشى تشرین ناو دەبرێت.
ئەو ئاژانسە جیهانییە دەشڵێت، هێزى چەکدار و توندوتیژى ڕووبەڕووى خۆپیشاندەران بوونەوە بەتایبەتى لەناحیە و شارۆچکەکانى سەر بەشارى سلێمانى.
ڕاپۆرتەکەى فرانس پرێس یەکێکى ترە لە بڵاوکردنەوەى چەندین ڕاپۆرتى میدیا جیهان کە لەسەر بارودۆخى ناڕەزایەتیەکانى شارى سلێمانى بڵاو کراونەتەوە و ئاماژەیان بۆ توندوتیژییەکانى دەسەڵاتداران بەمەبەستى سەرکوتکردنى ناڕەزایەتیەکان کردووە.
لە خۆپیشاندانەکانی دوو هەفتە ڕابردوودا لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەرین و گەرمیان، زیاتر لە هەشت کەس کە شەشیان خۆپیشاندەر بوون کوژران، نزیکەى 200 کەسیش دەستگیرکران.