ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح
فەرهاد پیرباڵ نووسەر و مامۆستای زانكۆ و یەكێك لە كاندیدەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بۆ ئەو مەبەستە سیڤی پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كردووە، خۆی بە شایستەی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەزانێت و داوا لە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەكات بە "ویژدان"ەوە رۆژی دەنگدان بە سەرۆكی هەرێم دەنگ بدەن و دەنگەكانیان بۆ ئەو بێت.
.
پیرباڵ لەبارەی پڕۆژە و بەرنامەكانی بۆ ئەو پۆستە سەرەتا دوودڵ بوو لە خستنەڕووی و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە چەندین جار بیرۆكە و بەرنامەكانی لەلایەن كەسانی دیكەوە "دزرا"وە و وەك پڕۆژەی خۆیان ناسێنراوە.
.
فەرهاد پیرباڵ تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند "خۆم بە شایستە دەزانم بۆ ئەو پۆستە، ئەگەر بووم بە سەرۆكی هەرێم بەرنامەی تایبەتی خۆم هەیە، بەڵام نامەوێ ئەو بەرنامەیەی خۆم ئێستا ئاشكرا بكەم چونكە دەیان جار بیرۆكەكانی من و بەرهەمەكانم لەلایەن چەندین كەسەوە دزراوون".
.
پیرباڵ كاندیدكردنی خۆی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی هەرێم وەك تەحەدایەك ناو دەبات و روونیكردەوە كە بەلایەوە گرنگ نییە چەند دەنگ دەهێنێت، بەڵام داواشی لە فراكسیۆنی گۆڕان كرد كە بەویژدانەوە تەماشای بكەن و ئەو رۆژە دەنگی پێ بدەن.
.
فەرهاد پیرباڵ بە تەنزەوە وتی "ئەگەر بڕیار دراوە پێشوەخت نێچیرڤان بارزانی بكرێت بە سەرۆكی هەرێم لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە، ئیتر ئەم گەمەیە چییە بە خەڵكی دەكەن، وا نیشانی دەدەن كە سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت".
.
بەپێویستیزانی پارتی لەو بارەیەوە نیازپاكی خۆی نیشان بدات و پاشگەزبێتەوە لە بڕیارەكەیی و نێچیرڤان بارزانیش وەك كاندیدەكانی دیكە بەبێ بڕیاری پێشوەختە لە ناو پەرلەمانەوە دیاری بكرێت.
.
رۆژى چوارشەممە، 15ی ئایاری 2019، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک هەرێم داخرا و هەشت کەس خۆیان پاڵاوتووە بۆ ئەو پۆستە و جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هیج حزبێکی سیاسی کاندیدی بۆ پۆستەکە نییە و جگە لە نێچیرڤان بارزانی سەرجەم کاندیدەکانی دیکە سەربەخۆن.
.
لە ماوەی کەمتر لە 10 ڕۆژدی دیکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستانەوە هەڵدەبژێردرێت و هەر هەمان ڕۆژ سوێندی یاسایی دەخوات و مەراسیمێکی گەورەشی بۆ ڕێکدەخرێت.
.
پیرباڵ چیتر نەیتوانی بەرنامە و كارنامەی خۆی بۆ ئەو پۆستە بشارێتەوە و روونیكردەوە، بۆ چارەسەركردنی دۆخی كوردستان دەبێت حزب لە ناو پەرلەمان دەربكرێت.
.
بەگرنگی زانی پەرلەمان بكرێت بە پەناگەی چینە جیاجیاكانی كوردستان لە (مامۆستایان، جوتیاران، قوتابیان، ژنان و پێشمەرگە، كەمینەكان و ئەوانی دیكە) تا ئەوان بڕیار بدەن لەسەر چارەنووسی خەڵكی كوردستان نەك حزب.
.
داواشی كرد هەر كاندیدێكی سەرۆكی هەرێم بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە پەرلەمان لە پێش چاوی میدیاكان كارنامە و بەرنامەی خۆی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بخاتە ڕوو، وتیشی "بۆ ئەوەی تۆپەكە بكەوێتە یاریگای پەرلەمانەوە و لە هەر كەموكورتییەك بەرامبەر بە گەل بەرپرسیاربێت".
.
پیرباڵ جەختی كردەوە "ئەگەر دەرنەچم هەولێر تێكدەدەم، من پێشمەرگەی بیرۆكەی خۆمم هەر دەبێت حزب لەناو پەرلەمان بچێتە دەرەوە".
.
كاندیدەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ (هەینی) لە سلێمانی بوو، هۆكاری هاتنەكەی بۆ سلێمانی روونكردەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە ویستوویەتی سەردانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بكات لە زیندان بەڵام بەوتەی خۆی "رێگەی پێنەدراوە".
.
مەبەستی سەردانەكەشی بۆ لای سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زیندان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە "لەخودی شاسوار عەبدولواحیدەوە تێبگات لەو دۆخەی كە روویداوە".
.
رۆژى چوارشەممە 15ی ئایاری 2019 دادگای ئاسایشی گشتی هەرێم فەرمانی دەستگیركردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نوێ دەركرد، دوێنێ (پێنجشەممە) شاسوار عەبدولواحید خۆی چووە دادگای سلێمانی و بە فەرمانی دادوەر دەستگیركرا.
.
جگە لە فەرهاد پیرباڵ چوار كەسی دیكە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاندید كردووە كە یەكێكیان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستانە و وەك كاندیدی هاوبەشی فراكسیۆنەكانی (پارتی، گۆڕان، یەكێتی) باس دەكرێت.
.