ناس کورد-
پەرلەمانتارانی مانگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان داوا لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەن یادەشتەکەیان واژۆ بکەن بۆئەوەى بتوانن ڕاستەوخۆ بانگەوازی دانیشتنی پەرلەمان بکەن لەسەر موچە و دۆخی هەرێم.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو پەرلەمانتارانە پێکهاتوون لە 29 پەرلەمانتاری بزوتنەوەى گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو و سەربەخۆکان، ماوەى دوو ڕۆژە لەناو هۆڵی پەرلەماندا مانیان گرتووە، ئەوان ئەمڕۆ هەینی، 11ی کانونی یەکەمی 2020، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، ئامانجی سەرەکی مانگرتنەکەیان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان بوو لەسەر خۆپیشاندانەکان و دۆخی موچە، بەڵام "سەرۆکایەتی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەک وەڵامیان نەداوینەتەوە و ئامادە نین دانیشتن بکەن."
عەلی حەمە ساڵح بەناوی ئەو پەرلەمانتارانەوە وتی، "ئامانجی ئێمە لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ ڕێگری لە خوێنڕشتن و دروستبوونی ئاڵۆزی زیاترە لەسەر شەقام، مەترسییەکە زۆر لەوە گەورەترە کە چەند گەنجێک بێتە سەر شەقام و تەقە بکرێت بەسەر بارەگاکاندا و خەڵکی بێتاوان بکوژرێت."
جەختی کردەوە کە "پێویستە هەرێم بە زووترین کات لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت لەسەر بودجە و داهاتی نەوت، هەروەها دەبێت چاکسازی ڕاستەقینە بکرێـت و ڕێگری لە قاچاخچیەتی بکرێت لە سنورەکان."