گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێکی نوێ لە کۆنگرەی دەنگە ناڕازیەکان: بەڵێننامەى ڕاستگۆیی

2020.12.11 - 10:32
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاگەیەنراوێکی نوێ لە کۆنگرەی دەنگە ناڕازیەکان: بەڵێننامەى ڕاستگۆیی

ناس کورد-

کۆنگرەی دەنگە ناڕازیەکان کە لە کۆمەڵێک چالاک و سیاسی پێکهاتوون و بەڵێنیان داوە سەرپەرشتی خۆپیشاندان بکەن داوای فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان دەکەن "بەڵام بەبێ توندوتیژی." 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کۆنگرەی دەنگە ناڕازیەکان لە پەیامێکی نوێدا کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (11ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "هاوڵاتیانی ئازیز، سەرجەم کێشە سیاسی و یاسایی و ئیداری و داراییەکان، لە یەک شوێنەوە سەرچاوە دەگرن، کە خراپی دەسەڵاتە."

 

دەشڵێت، "بۆیە تاکە داواکاریمان بریتیە لە کۆتایی هێنان بەم حکومەتە حزبیە، کە رەمزی دەسەڵاتێکی خوێنڕێژو ناپاک و فاسدە؛ پێکهێنانی حکومەتێک لە کەسانی سەربەخۆو شارەزا."

 

کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان "بەڵێننامەى ڕاستگۆیی" دووپاتکردووە و دەڵێت، "ئێمە، کە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکان دەکەین، هیچ پلەو پۆستێک وەرناگرین، تەنها زمان و چاو و ویژدانی خەڵک دەبین، کە ئەمە پڕکردنەوەی بۆشاییەکی راستەقینەیەو لە ئەستۆگرتنی گەورەترین ئەرک و شەرەفە."


لە کۆتاییدا چەند دروشمێکیان نوسیوە:

بەڵێ بۆ خۆپیشاندانی ناتوندوتیژ.
بەڵێ بۆ فراوانبونی خۆپیشاندانەکان.
بەڵێ بۆ بەردەوامی، تا گەشتن بە مافەکانمان.

 

ژمارەیەک نوسەر و پەرلەمانتارى پێشوو خۆیان وەک نوێنەرى خۆپیشاندەران ناساند و بانگەواز بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندانى بەرفراوان دەکەن.

 

عەبدوڵا مەلا نورى پەرلەمانتارى پێشوو بەناوى دەستەکەوە کە ناویان لەخۆیان ناوە "دەنگە ناڕازییەکان" لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا (10ى کانوونى یەکەمى 2020) کە "ناس کورد" بینیویەتى رایگەیاند "خۆپیشاندانى ناتوندوتیژى بەرفراوان لە رۆژى هەینى کاتژمێر یەک و نيوى پاش نیوەڕۆ لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان ئەنجام دەدرێت".

رۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.

 

رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.

 

رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق و دەربەندیخان و کفری و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و چەند شارێکی ڕژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەندی بینایەکی تری حکومی لەو شارانە سوتێنران.

 

تائێستا بە کۆی گشتی، هەشت کەس لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان، کفری، سەیدسادق و تەکیە کوژراون، زیاتر لە 100 برینداریش لە ڕیزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان تۆمار کراون.