گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زۆرینەیان خوار تەمەنی 18 ساڵن

ناو و تەمەنی ئەو دەستگیرکراوانەی لە قەسرێ ویستیان خۆپیشاندان بکەن بڵاوکرایەوە

2020.12.10 - 19:03
App store icon Play store icon Play store icon
ناو و تەمەنی ئەو دەستگیرکراوانەی لە قەسرێ ویستیان خۆپیشاندان بکەن بڵاوکرایەوە

ناس کورد-

پەرلەمانتارێک ناوی 10 گەنجی شارۆچکەی قەسرێی بڵاوکردەوە کە بەهۆی ئەوەی ئاگرێکیان کردووەتەوە و ویستویانە خۆپیشاندان بکەن دەستگیرکراون و بەگوێرەی لیستی ناوەکانیان زۆرینەیان لەخوار تەمەنی 18 ساڵن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی (پێنجشەممە 10ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، " لە چوارچێوەی ئەو خۆپیشاندان و نارەزاییانەی بەھۆی قەیرانی دارایی و بێ موچەیی و بێکاری کوردستانی گرتووەتەوە، ماوەی سێ رۆژە  10 گەنجی تازەپێگەیشتووی بێکاری شارۆچکەی قەسرێی دەڤەری باڵەکایەتی لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی قەسرێ دەستگیرکراون و بۆ زیندانی سۆران راگوێزراون."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئەو گەنجانە لە دوڕیانی رێگەی قەسرێ باڵەییان لە دەرەوەی شار لەدەوری ئاگرێک کۆبوونەتەوە،  نە شەڕە بەردیان کردووە نە ھێرشیان کردووەتە سەر بینا و بارەگا حزبییەکان و نە موڵک و ماڵی گشتیان سوتاندوە، نەھەوڵی سوتان و وێرانیان داوە، نەو وتاف و دروشمیان دژ بە حزب و حکومەت بەرزکردووەتەوە، بەڵکو تەنھا کۆبوونەتەوە."

 

ئەو پەرلەمانتارە لیستی ناوی گەنجە دەستگیرکراوەکانی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمانەن:

 

١- ئیبراهیم جەبار عەبدووڵا  لە دایکبووی ساڵی     2003

٢-بەهادین سلێمان نەبی   لە دایکبووی ساڵی     2003

٣-دانا شێخە ئرحمد          لە دایکبووی ساڵی       2003

٤-ئامەدە ئەحمد ئەبوبکر       لە دایکبووی ساڵی    2002

٥-بارزان کاکەمین مەحمود   لە دایکبووی ساڵی  2003

٦-زریان کاکەمین مەحموود  لە دایکبووی ساڵی    2004

٧-فەرامۆش عەبدوڵا مەلا      لە دایکبووی ساڵی   2003

٨-مەریوان خالید مەلا       لە دایکبووی ساڵی       2003

٩-سەربەست عمر              لە دایکبووی ساڵی      2003

١٠-  زانیار    جەلک       ‌        لە دایکبووی ساڵی     2004

 

 

 

لوقمان وەردی جەختیشیکردووەتەوە، " پاراستنی  سەلامەتی  ھاوڵاتیان و خۆپیشانده‌ران له‌ ئەستۆی هێزە ئه‌منیه‌كانە، نەک گرتن و راپێچ کردنیان بۆ زیندان، گەنجانی  قەسرێ ھیچ رەفتارێکی پێچەوانەی یاسایان نەکردوە کە شایستەی دەستگیرکردن بووبن، بۆیە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار لە حزب و حکومەت لە ناوچەکە دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان و بێکاری گەنجان لەو دەڤەرە لەبەر چاوبگرن و نەبنە ھۆکاری زیاتر تورەکردنی ھاوڵاتیان دەبێت دەست بەجێ گەنجانی بێکار و خێر لەخۆنەدیوی قەسرێ  ئازادبکەن. "

 

رۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.    

  

رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.    

  

رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق و دەربەندیخان و کفری و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و چەند شارێکی ڕژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەندی بینایەکی تری حکومی لەو شارانە سوتێنران.    

  

تائێستا بە کۆی گشتی، هەشت کەس لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان، کفری، سەیدسادق و تەکیە کوژراون، زیاتر لە 100 برینداریش لە ڕیزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان تۆمار کراون.