گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان

لەبارەی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان لە سلێمانی بڕیار دەدرێت

2020.12.10 - 16:31
App store icon Play store icon Play store icon
لەبارەی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان لە سلێمانی بڕیار دەدرێت

ناس کورد-

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیار لەبارەی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان دەدات و ئەندامێکی ئەنجومەنەکەش دەڵیت، ئەوان لەگەڵ توندوتیژی و سوتاندنی هیچ شوێنێکدا نین، بەڵام ڕوودانی ئەوەش لەلایەن گەنجانی خوێن گەرمەوە هۆکارەکەی دەسەڵاتە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەگەرچی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی لە 2ی کانونی یەکەم، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، بەڵام بەهۆی دەستگیرکردنی بەشێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەوە، خۆپیشاندانەکە تەنها دوو ڕۆژ بەردەوام بوو و کۆتایی هات.

 

دوای کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەکانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی، خۆپیشاندانی هاووڵاتیان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکان دەستیپێکرد و زۆرینەی بنکە و بارەگا حزبییەکان سوتێندران کە تائێستاش بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانیش حەوت کوژراو و زیاتر لە 100 برینداری لێکەوتووەتەوە.

 

عادل حەسەن، ئەندامی ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی (پێنجشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، " ئەو خۆپیشاندانانەی لە شار و شارۆچکەکان بەڕێوەدەچن گەنجانی خوێن گەرم ڕێکی دەخەن نەوەک مامۆستایانی ناڕازی، ئێمە وەک مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ سوتاندنی هیچ شوێنێک و توندوتیژیدا نیین، بەڵام ئەوەشی ڕوودەدات هۆکارەکەی حکومەت و ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووەیە کە خەڵکی بەوشێوەیە توڕە کردووە."

 

وتیشی، "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بڕیارێک دەدەین و هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین لەبارەی دەستپێکردنەوە خۆپیشاندان، یاخود هەر ڕێگەیەکی دیکە."

 

لەبارەی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان لەلایەن مامۆستایانی ناڕازییەوە، عادل حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە خۆپیشاندەرانمان جێنەهێشتووە، لەگەڵ خۆپیشاندانەکەی مامۆستایان، خەڵکێکی ئەوەندە نەهاتەسەر شەقام تاوەکو ئێمە جێیبهێڵین."

 

رۆژى (2 کانوونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.   

  

رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لەچەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانوونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.   

  

رۆژى (7ی کانوونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق رژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، بیناى قایمقامیەت ئاگریان تێبەردرا.