ناس کورد-
سەرچاویەک لە قەزای پێنجوێن ئاشکرای کرد، لە خۆپیشاندانەکەی شەوی ڕابردوو بارەگای سەرجەم حزبەکان سوتێنراوە، بەڵام ئەو ماڵەی قائیمقام کە خۆپیشاندەران سوتاندویانە شوێنی مانەوەی قائیمقامی ئێستا قەزاکە نییە و لەوێ نیشتەجێ نەبووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئیدارەى پێنجوێن بە مەرجی بڵاونەکردنەوەى ناوەکەى (9ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، لە ڕووداوەکەی شەوی رابردووی قەزاکە سەرجەم بارەگای حزبەکان سوتاوەو هەروەها شوێنی مانەوەی لیوا مەریوان بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ سوتێنراوە.
باسی لەوەشکرد، ئەوەی دەوترێت ماڵی قائیمقام سوتێنراوە بەوجۆرە نییە، ئەوەی سوتاوە شوێنێکە دیاریکراوە بۆ ئەو قائیمقامانە کە خەڵکی قەزاکە نین و دەبن بە قائیمقام لە پێنجوێن، بەڵام لە ئیستادا زانا عەبدوڕەحمان قائیمقامی قەزاکە لەوشوێنە نیشتەجێ نەبووە.
سەبارەت بە دۆخی پێجوێن لەئێستادا و دروستبوونەوەی خۆپیشاندان وتی، "دۆخی قەزاکە لە ئێستادا جێگیرەو هیچ خۆپیشاندانێک نییە".
لە خۆپیشاندانەکەی شەوی رابردوو پێنجوێن پیشمەرگەیەکی پارتی بەناوی ئاوات تاڵب کوژرا.