گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارانی ناڕازی لەناو هۆڵی پەلەمانی کوردستاندا مانیان گرت

2020.12.09 - 12:13
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارانی ناڕازی لەناو هۆڵی پەلەمانی کوردستاندا مانیان گرت

ناس کورد-

پەرلەمانتارانی ناڕازی لە پەرلەمانی کوردستان کە ژمارەیان 37 پەرلەمانتارە، بڕیاریان دا لەناو هۆڵی پەرلەمان مان بگرن تاوەکو "ئەنجامدانی چاکسازی ڕاستەقینەوە و ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەى".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو پەرلەمانتارانە لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا داوا دەکەن دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ببەسترێت و حکومەتی هەرێم بانگهێشتی کۆبوونەوەکە بکرێت و دەڵێن، "هەمیشە پشتیوان دەبین بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانی خەڵکی خۆپیشاندەر و ھەموو ڕێکارێکی پەرلەمانی و مەدەنی لەم پێناوەدا دەگرینە بەر".

 

ئەو پەرلەمانتارانە لە پێنج خاڵدا داواکارییەکانیان خستووەتەڕوو:


1- سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم خەمساردن لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانە دروستكراوانەی خۆیان بونەتە ئەندازیاری دروستكردنی و هەرێمی كوردستانیان نغرۆی كارەساتی گەورەی دارایی و ئابوریی كردوە، كەچی هێشتا بەردەوامن لە برسیكردنی خەڵك و ناشەفافییەتی داهاتەكانی نەوت و شاردنەوەی گرێبەستەكان و قاچاخچێتیی لە سنورەكان دا، لەكاتێكدا رۆژانە گەنجی غەدر لێكراو و بێكاریش بە گوللە شەهیددەكرێن.

2- ئێمە دژی توندوتیژین، بەڵام كە گەیشتە توندوتیژیی، خوێنی مرۆڤێكمان زۆر لا پیرۆزتر و گەورەترە لە پەنجەرە و دەرگای بارەگایەكی حزبیی و، دەبێت بەرپرسانی حزبیی و حكومیی، بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ ناڕەزاییەكانی شەقام دا بكەن ئەم خوێنڕشتن و توندوتیژیە كۆتای پێبهێنرێت، و داوایش لەهێزە ئەمنییەكان دەكەین، خۆپیشاندەرانیش رۆڵەی ئەم هەرێمەن و ئەو غەدرەی لەوان كراوە و لەسەری دێنە سەر شەقام، هەمان غەدر لەئێوەیش كراوە بۆیە لولەی تفەنگەكانتان لە بەرانبەریاندا رامەگرن.

3- داواكارین لە سەرجەم حزبەكان، لەو شار و شارۆچكانەدا كە گرژیی و ئاڵۆزییان تێدایە، بارەگاكانیان چۆڵبكەن و خۆیان بەدوربگرن لە روبەروبونەوەی خۆپیشاندەران و نەهێڵن ئاگری خۆپیشاندانەكان زیاتر پەرەبسێنێت.

4- بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، یاداشتێك ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین بۆ ئەوەی بەزووترین كات كۆببینەوەو حكومەت بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی حكوحەت مولزەم بكرێت چاکسازی ڕیشەیی بکات لە دۆسیەی نەوت و گەندەڵیی و قاچاخچێتیی و دۆسیەی باج و کۆمپانیاکاری و چارەسەری ڕیشەی كیشەی موچەی فەرمانبەران و ڕێكەوتنی فعلی لەگەڵ حكومەتی ناوەند و کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران.

5- داوا لە خۆپیشاندەران دەكەین، شێوازی ئاشتییانە بگرنە بەر بۆ داواكردنی مافە رەواكانیان، وەك چۆن دەربڕینی ناڕەزایی، مافێكی پیرۆزە و پشتیوانییان داوایان لێدەكەین داوا دەکەین خۆیان بپارێزن لە توندوتیژیی و سوتاندنی شوینە گشتییەكان، كە موڵكی گشتین.

 

باسی لەوەشکردووە، "بەڵێنتان بۆ دوپاتدەكەینەوە هەمیشە پشتیوان دەبین بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانتان و ھەموو ڕێکارێکی پەرلەمانی و مەدەنی لەم پێناوەدا دەگرینە بەر، بڕیارماندا بە مانگرتن لە پەرلەمانی کوردستان لە پێناو ئامانجی خۆپیشاندەران و چاکسازی گشتگیرو ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان."