گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خۆبەخشانی نەخۆشخانەی هیوا بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند

2020.12.09 - 10:37
App store icon Play store icon Play store icon
خۆبەخشانی نەخۆشخانەی هیوا بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند

ناس کورد-
لە نەخۆشخانەی هیوا پزیشکانی خۆبەخش بەهۆی وەرنەگرتنی پارەی شەش مانگی رابردوو بایکۆتی نەخۆشخانەکەیان کرد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیواش هۆشداری دەدات لە دابەزینی 40% ئاستی خزمەتگوزاری و کارەکانی نەخۆشخانەکە بەهۆی ئەو بایکۆتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەرهەم ئەنوەر یەکێک لە پزیشکانی خۆبەخش لە نەخۆشخانەی هیوای شاری سلێمانی لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری "ناس کورد" ئامادە بوو بەیاننامەی خۆبەخشانی نەخۆشخانەی هیوای خوێندەوە و (9ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "ئێمە کە نزیکەی 145 کارمەندی خۆبەخشین ماوەی چوار ساڵە لەم نەخۆشخانەیە کاردەکەین و بە ڕەزامەندی نەخۆشخانەکە هاتوین تاوەکو بڕە پارەیەکمان بۆ خەرج بکرێت و خزمەتی نەخۆشانی شێرپەنجە بکەین، بەڵام ماوەی شەش مانگە لەو بڕە پارە کەمەش بێبەش کراوین لەکاتیکدا بۆ پزیشکان و کارمەندانی هەمیشەیی و گرێبەستەکان خەرجکراوە."

 

باسی لەوەشکرد، بڕیاری بڕینی ئەو بڕە پارەیەی خەرجدەکرا لەلایەن وەزیری تەندروستی و ئەنجومەنی وەزیران دراوە بۆ پەکخستنی کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەی هیوا بەتایبەت، ئێمەش لەبەرانبەر بڕینی ئەو پارەیە لە ئەمڕۆوە بڕیارماندا بە ڕاگرتنی کارەکانمان و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی نەخۆشخانەکە تاوەکو دۆزینەوەی چارەسەری پێویست.


هەروەک پزیشکێکی نەخۆشخانەی هیوا لەسەر بایکۆتکردنی نەخۆشخانەکە لەلایەن خۆبەخشانەوە هۆشداریداو بۆ ناس کورد وتی: "بایکۆتکردنی هۆڵەکانی نەخۆشخانە لەلایەن خۆبەخشانەوە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر نەخۆشانی شێرپەنجە".


لەلایەکی دیکەوە یاد نەقشبەندی، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە میانی پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، ئێمە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە داوامان لە وەزارەتی تەندروستی و ئەنجومەنی وەزیران کردووە ئەو هاوکارییە بۆ خۆبەخشان بەردەوام بێت، بەڵام تا ئیستا ڕزامەندی نەدراوە.

 

باسی لەوەشکرد، "پشتیوانی داوکاریی ئەم خۆبەخشانە دەکەین، بەڵام هیوادارین بەشە هەستیارەکانی نەخۆشخانەکە چۆڵنەکرێت، چونکە لە ئیستادا نوسراوەکە بۆ خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەی دەدرایە ئەم خۆبەخشانە لە ئەنجومەنی وەزیرانەو بەڵێن دراوە کاری جدییان بۆ بکرێت و پارەی 6 مانگیان بۆ خەرجبکرێت."


دکۆتر یاد نەقشبەندی هۆشداریدا لە بەدەنگەوە نەهاتنی خۆبەخشانی نەخۆشخانەی هیواو وتی: "نەخۆشخانەی هیوا تەنها بۆ سلێمانی نییە بۆ سەرجەم نەخۆشانی شێرپەنجەیە لە عیراق و بە بایکۆتکردن و نەمانی ئەم خۆبەخشانە لە نەخۆشخانەکە 40% کارەکان و توانای نەخۆشخانەی هیوا دادەبەزێت.