گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاشتی هەورامی لە بری حکومەت گرێبەستەکەی واژووکردووە

دانەغاز و حکومەتی هەرێم گرێبەستێکی 20 ساڵەیان بۆ فرۆشتنی گازی هەرێم واژووکرد

2019.03.06 - 14:38
دانەغاز و حکومەتی هەرێم گرێبەستێکی 20 ساڵەیان بۆ فرۆشتنی گازی هەرێم واژووکرد

 

 

 ‏ناس کورد-

گرێبەستێکی 20 ساڵە بۆ فرۆشتنی گاز لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی واژووکرا، بەرهەمهێنانى گاز لە کێڵگەى کۆرمۆر بە رێژەى لە سەدا 63% زیاد دەکرێت.

 

کۆمپانیای دانە غاز لە راپۆرتێکیدا لە بارەی ئەو گرێبەستەوە ڕایگەیاندووە: "بڕی 250 ملیۆن پێ سێجاى دیکەی گاز، بۆ کارپێکردنى وێستگە نێوخۆییەکانى کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها ئاستى بەرهەمهێنانى گاز لە کێڵگەى کۆرمۆر بۆ 650 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بۆ ساڵى 2021 و دواتر بۆ 900 ملیۆن پێ سێجا لە ساڵى 2022 بەرزدەکرێتەوە".

هەر لەو بڵاوکراوەی دانە غازدا هاتووە: "گازى سروشتى لە کێڵگەى (کۆرمۆر) ەوە لە ڕێى هێڵى بۆریەوە دابین دەکرێت بۆ وێستگەکانى کارەبا ‏لە بازیان و چەمچەماڵ و هەولێر، لەگەڵ گازى ماڵان و کۆندێنسەیت کە لە بازاڕى ناوخۆدا ‏دەفرۆشرێن".

لە بارەی کێشەکانی کۆمپانیاکەوە لە گەڵ حکومەتی هەرێم کۆمپانیای دانە غاز ئاماژەی بەوەکردووە، کیشەکانی نێوان هەردولا لە ئابى 2017 یەکلاکراوەتەوە، ئەم ‏گرێبەستە نوێیەش لە 19 ى شوباتى 2019 واژووکراوە، کە ‏ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتییەکان لە بری حکومەتى هەرێمى کوردستان واژووی کردووە.

دانە غاز دەڵێت: " گشت شایستە داراییەکان لە کاتى خۆیدا لە حکومەتی هەرێم وەرگیراوە، ئەمەش متمانەی بەخشیووە بە هەردوولا".

 

دەقی راپۆرتەکەی  دانە غاز لەبارەی واژۆکردنی گرێبەستەکە :

پێرڵ پترۆلیۆم (کۆمپانیاى سنووردارى پێرڵ پترۆلیۆم) ، ئەو کۆنسۆرتیۆمەى کە لە لایەن هەردوو کۆمپانیاى (دانەغاز) و (نەوتى هیلال) ى ئیماراتیەوە پێشەوایەتى دەکرێت ، گرێبەستێکى نوێى (20) ساڵەی لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان مۆرکرد بە مەبەستى بەرهەمهێنان و فرۆشتنى (250) ملیۆن پێ سێجاى تر غاز لە رۆژێکدا کە کۆنسۆرتیۆمەکە مەبەستیەتی تا ساڵی 2021 بەرهەمی بهێنێت وەک بەشێک لە پلانەکانى فراوانکردنیان  لە هەرێمى کوردستانى عێراق لە پێناو زیادکردنی ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا لە هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى پێویستى ناوخۆ.

 

دوابەدوای گەیشتن بە رێکەونتی یەکلاکردنەوەى کێشەکان لە نێوان هەردوولا لە ئابى 2017 ، ئەم گرێبەستە نوێیەی  فرۆشتنى غاز لە 19 ى شوباتى 2019 واژۆ کرا لە لایەن هەریەک لە بەڕێزان ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتیەکان لە بری حکومەتى هەرێمى کوردستان و مجید جعفر (بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى نەوتى هیلال و سەرۆکى ئەنجومەنى کارگێڕى کۆمپانیاى دانەغاز) لە بری (پێڕڵ پترۆلیۆم).  دواى ئەوە ڕێککەوتن لەسەر گشت مەرجەکانى گرێبەستەکە کرا ، لە نێویاندا ڕەزامەندى ئەنجومەنى تایبەت بە کاروبارى نەوت و غاز لە هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى کارگێڕى کۆمپانیاى (پێرڵ پترۆلیۆم)، و پرۆژەکە لە ئێستادا خراوەتە بوارى جێبەجێ کردنەوە.

 

پرۆژەى غازى کوردستان لە ساڵى  2007 دامەزرا کاتێک هەردوو کۆمپانیاى دانەغاز و نەوتى هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان مۆر کرد بۆ بەدەستهێنانى چەند مافێكى تایبەتى دیاریكراو بۆ خەمڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردن و فرۆشتنى نەوت و غاز لە کێڵگەکانى (کۆرمۆر) و (چەمچەماڵ) لە هەرێمى کوردستانى عێراق. بەرهەمهێنان لەو وێستگەیە کە تازە دروستکرابوو ، تەنها لە دواى (15) مانگ لە تشرینى یەکەمى ساڵى 2008 دەستى پێکرد.  لە ساڵى  2009 کۆنسۆرتیۆمى (پێرڵ پترۆلیۆم)  پێک هێنرا بە هاوبەشى هەردوو کۆمپانیاى (دانەغاز) و(نەوتى هیلال) وەک پشکدارى سەرەكى و دواتریش یەک لە دوای یەک کۆمپانیاکانى OMV و MOL و RWE هەریەك بە پشکى (10%) هاتنە ناو کۆنسۆرتیۆمەکە.

 

ئەم پرۆژە فراوانکاریە کە لە ئێستادا لە کێڵگەى کۆرمۆر بە بڕى  (700) ملیۆن دۆلار جێەجێ دەکرێت زیادکردنى دوو یەکەی بەرهەمهێنان لە خۆ دەگرێت لە وێستگەى کۆرمۆر هەروەها لێدانى بیرى نوێ  بە ئامانجى بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى ڕۆژانە لە (400) ملیۆن پێ سێجاوە کە لە ئێستادا بەرهەم دەهێنرێت  بۆ (650) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تا ساڵى 2021 لەسەر بنەماى ئەم گرێبەستەى فرۆشتنى غاز و دواتر بۆ (900) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تا ساڵى 2022 . ئەم پلانى بەرهەمهێنانە وەک پالًپشتێک بوو بۆ فراوانکردنى وێستگەى (کۆرمۆر) کە لە تشرینى دووەم ئامادە کرا و ئاستى بەرهەمهێنانى بە ڕێژەى (30%) لە ڕێگەى بەرزکردنەوەى تواناى کارکردنى وێستگەکە و زیادکردنى ئاستى بەرهەمهێنان ، کە بە هۆیەوە دەتوانرێت ڕۆژانە (106) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنرێت ، بەمەش پرۆژەکه لە ئێستادا بە گەورەترین پرۆژەى کەرتى تایبەت لە بوارى پشکنین و بەرهەمهێنانى غاز لە عێراق هەژمار دەکرێت.  

 

هەوڵەکانى فرۆشتنى غاز لە کۆتایى ساڵى 2018 دەستى پێکرد بە پێى گرێبەستى پیشووى فرۆشتنى غاز کە لە کانونى دووەمى هەمان ساڵدا مۆرکرا ، وە گشت شایستە داراییەکانى لە کاتى خۆیدا وەرگیرا بە پێى گرێبەستەکە کە ئەمەش متمانە دەبەخشێت بۆ داڕشتنى نەخشە و پلانى وەبەرهێنان و فراوانکردنى پرۆژەکە کە کۆنسۆرتیۆمەکە لە ئێستادا پێوەى سەرقاڵە. پرۆژەى غازى کوردستان کە بەم دواییە یادى (10) ساڵەى بەرهەمهێنانى بەردەوامى کرایەوە ، غازى سروشتى لە کێڵگەى (کۆرمۆر) ەوە لە ڕێى هێڵى بۆریەوە دابین دەکات بۆ وێستگەکانى کارەبا لە بازیان و چەمچەماڵ و هەولێر لەگەڵ غازى ماڵان و کۆندێنسەیت کە لە بازاڕى ناوخۆ دەفرۆشرێن. 

 

لە ئابى ساڵى 2017 ، پێرڵ پترۆلیۆم بە چارەسەرى کۆتایى گەیشت لە کەیسى ناوبژیوانى لە گشت کێشە یاساییەکانى لەگەڵ حکومەتى هەرێم و لە نێویاندا یەکلاکردنەوەى شایستە داراییەکانى پێشووتر و پابەندبوونى پێرل پترۆلیۆم بە فراوانکردنى وەبەرهێنان لە پرۆژەکانیان لە هەرێمى کوردستان. کە لێدانى چەند بیرێک لە هەردوو کێڵگەى کۆرمۆر و چەمچەماڵ و دروستکردنى پاڵاوگەى بەرهەمهێنانى غاز و دەزگاگەلى دەرهێنانى شلەکان لەخۆ دەگرێت کە لە ئێستادا لە قۆناغى جێبەجێ کردن دایە. هەردوو کێڵگەکە لە لایەن (دانەغاز) و (نەوتى هیلال) ەوە لە بری پێڕڵ پترۆلیۆم بەڕێوە دەبردرێن.

 

کۆى گشتى وەبەرهێنان لە پرۆژەى غازى کوردستان تا ئەمڕۆ لە (1.6 $ ملیار) ملیارێک و شەش سەد ملیۆن دۆلار ڕەتى داوە بەمەش کۆى گشتى بەرهەمهێنانى هاوتاى نەوت گەیشتە نزیكەى (260) ملیۆن بەرمیل نەوت ، کە بە هۆیەوە توانرا چەندین ملیار دۆلار بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق بە گشتى پاشەکەوت بکرێت کە دەبوو لە کڕینى سووتەمەنى سەرف بکرێت لەگەڵ چەندین سوودى گەورەى ئابورى تر . ئەم کاریگەریە بەردەوام دەبێت لە گەشەسەندن شان بە شانى فراوانبوونى ئاستى بەرهەمهێنان لە ساڵانى دواتر.

 

لەم رووەوە ، بەڕێز دکتۆر ئاشتى هەورامى ، وەزیرى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند "ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکى گرنگە بۆ ئێمە بە تایبەتی کە خزمەتگوزارى باشتر بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانى عێراق دابین دەکەین لە ڕێگەى باشتربوونى ڕەوشى  بەرهەمهێنانی کارەبا بە هۆى زیادکردنى بەرهەمهێنانى غاز لە لایەن کۆنسۆرتیۆمەکەوە. هەرێمى کوردستان خاوەنى یەدەگێکى زۆرى غازە و حکومەتى هەرێمى کوردستان سوورە لەسەر گێڕانى ڕۆڵێکى ئەرێنى لە پێویستى ڕوو لە زیادبووى غاز و کارەبا لە عێراق و ناوچەکە." 

 

بەڕێز مجید جعفر (بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى نەوتى هیلال و سەرۆکى ئەنجومەنى کارگێڕى کۆمپانیاى دانەغاز) ووتى: "ئەم گرێبەستى فرۆشتنى غازە دەسپێکى قۆناغێکى نوێى فراوان كردنى پرۆژەى غازى کوردستانە کە ئەمەش لە چەند ساڵى ئایندە پێویستى بە وەبەرهێنانى زیاتر لە  (700) ملیۆن دۆلارى تر دەبێت بۆ فراوانکردنى ئاستى بەرهەمهێنان بۆ (900) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەمەش دۆخى ئابورى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە باشتر دەبێت. وە هیوادارین کە بتوانین بەردەوام بین لەو بەرەو پێشەوە چوونە لە چەند ساڵى ئایندە لەو کێڵگه بایەخدارانە ،  لە پێناو بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان و تەواوى عێراق".

 

د. پاتریک ئەڵمان وارد (بەڕێوەبەرى جیبەجێکارى کۆمپانیاى دانەغاز) ڕایگەیاند: "مایەى شانازیە بۆ دانەغاز و هاوبەشەکانمان لە پیرڵ پترۆلیۆم بە تایبەتى کە توانیمان وەبەرهێنانى زیاتر بکەین لە سێکتەرى غاز لە هەرێمى کوردستانى عێراق و دابینکردنى سەرچاوەیەکى پشت پێ بەستووى وزەى پاکتر و هاوکارى کردنى پەرەسەندنى ئابورى ناوخۆ. بەردەوامى لە وەرگرتنى گشت شایستە داراییەکان لە کاتى خۆیدا متمانەمان پێ دەبەخشێت لە بەردەوام بوون لە وەبەرهێنان لە کاتێکدا کە پێ دەنێینە نێو دەیەى دووەمى بەرهەمهێنان".

 

وەک بەشێک لە کارەکانى لە هەرێمى کوردستان، پێرڵ هەستا بە جێبەجێکردنى بەرنامەى بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتى بۆ هاوکاریکردنى خەڵکى ناوچەکە ، ئەو کار و چالاکیانەش کە لەو بارەیەوە بە ئەنجام گەیەنراون بریتین لە: دابینکردنى پێداویستى خوێندن و چارەسەرکردنى ئاوى خواردنەوە و دابین کردنی موەلیدە و کارەباى بەردەوام بۆ گوندەکان بە بەکارهێنانى سووتەمەنى و چەند یەکەیەکى پزیشکى گەڕۆک و دامەزراوەى وەرزشی بۆ گەنجان و پێشکەش کردنى کۆمەکى دارایى بۆ (1000) منداڵى بێ دایک وباوک لە سنوورى چەمچەمال بە هاوبەشى لەگەڵ دەزگاى خێرخوازى ناوخۆ. ئەم دەسپێشخەریانە یارمەتى خەڵکى ناوچەکە دەدەن لە باشترکردنى ئاستی گوزەرانی و تەندروستى و خۆشگوزەرانى و پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیرى و پەرەپێدانى سەرمایەی مرۆیی.