گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق لەبارەى هەڵهاتنی چەند ڕاگیراوێک لە زیندانییەکی هەولێر ڕوونکردنەوە دەدات

2020.12.09 - 09:17
App store icon Play store icon Play store icon
عێراق لەبارەى هەڵهاتنی چەند ڕاگیراوێک لە زیندانییەکی هەولێر ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

تۆڕی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕەتی دەکاتەوە چەند ڕاگیراوێک لە یەکێک لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان هەڵهاتبن کە مەبەست لێی زیندانی چاکسازیی هەولێرە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شەوی ڕابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ناو زیندانییەکدا بڵاوکرایەوە و ئەو کەسەی گرتەکەى گرتبوو بە زمانی عەرەبی قسە دەکات و دەڵێت، "کاتژمێر 12:5 خولەکی شەوی 8ی کانونی یەکەمی 2020ـە لە یەکێک لە زیندانییەکانی هەرێمی کوردستان، نزیکەى هەزار و 500 کەس لە شێرەکانی خەلافەت شۆڕشیان بەرپاکردووە لەناو زیندانییەکەدا."

 

بەڵام تۆڕی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیەنراوەکەیدا کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (9ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەڵێن هەڵهاتوون لە یەکێک لە زیندانییەکانی هەرێمی کوردستان، "بەڵام ئێمە سەرلەبەری ئەو هەواڵە ڕەت دەکەینەوە."

 

دەشڵێت، "داوا لە هەمووان دەکەین ئاگادار بن لە دەنگۆ و هەواڵە ساختەکان کە لایەنێک لە پشتی بڵاوکردنەوەیدان کە دەیانەوێت ناسەقامگیری دروست بکەن و ڕای گشتی بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و متمانە بە لایەنە ئەمنییەکان تەسک بکەنەوە."

 

جەختیشی کردووەتەوە کە پێویستە سەرجەم میدیاکان "پشت بە سەرچاوەی باوەڕپێکراوە و ڕێپێدراو ببەستێت بۆ بڵاوکردنەوەى زانیارییە ئەمنییەکان."

 

ئەوە لەکاتێکدایە، شەوی حەوت لەسەر هەشتی ئەم مانگە، واتە دوو شەو لەمەوپێش و لە سەروبەندی دروستبوونی خۆپیشاندان لە سلێمانی و دەوروبەری، چەند میدیایەکی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردەوە کە بەشێک لە زیندانیان چاکسازی گەورەى سلێمانی ئاگریان لە زیندانییەکە بەرداوە و خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە.

 

بەڵام تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمی و پەیوەندیدار ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردوە هەرچەندە چەندین گرتە ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و ئامبوڵانس لە بەردەم زیندانییەکەدا وەستابوون.