گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە زانکۆوە بۆ مەرگ

هیوا فواد.. تاقانەى شەش خوشک و یەکێک لە یەکەمەکانی هەرێم

2020.12.08 - 21:07
App store icon Play store icon Play store icon
هیوا فواد.. تاقانەى شەش خوشک و یەکێک لە یەکەمەکانی هەرێم

ناس کورد-

هیوا فواد، ئەو گەنجەی یەکێک لە یەکەمانی سەر ئاستی هەرێم بوو  لە چاوەڕوانی دەستپێکردنی دەوامی زانکۆ دا بوو، بۆ دەستپێکردن بە هێنانەدی خەونەکانی لە قۆناغی یەکەمی کۆلێجی یاسا، بەڵام لە جێی چوونی بۆ زانکۆ بەرەو گۆڕستان بردرا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

ئێستا شەش خوشک و دایک و باوکیان شیوەن بۆ کوڕە تاقانەکەیان دەگێڕن کە چاوەڕوانی داتوویەکی گەشیان لێدەکرد و هەموو ژیانی بۆ خوێندن تەرخان کردبوو.

 

ئێوارەی (سێشەممە 8ی کانونی یەکەمی 2020) لە خۆپیشاندانەکانی ناحیەی تەکییە، بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گەنجێک بەناوی هیوا فواد گیانی لەدەستدا.

 

هیوا فواد کە کوڕە تاقانەی ماڵەوە بوو، یەکێک بوو لە قوتابییە یەکەمانی ئەمساڵ لەسەر ئاستی هەرێم و یەکەمی ناحیەی تەکێ بوو کە 92 لە سەدی بەدەستهێنابوو.

 

ئەیوب مستەفا، ئامۆزای هیوا بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "هیوا تەمەنی نزیکەی 20 ساڵ بوو، هەموو ژیانی تەرخانکردبوو بۆ خوێندن تا ئەوەی توانی 92 بەدەستبهێنێت و بچێتە کۆلێجی یاسا، چونکە خۆی حەزی لەو بوارە بوو."

 

 

بەهۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، تاوەکو ئێستا قوتابیانی قۆناغی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم دەستیان پێنەکردووە و هیوا لەدوای تەواوکردنی مامەڵەی ناو تۆمارکردنی لە کۆلێجەکەی، چاوەڕوانی ئەوەبوو دەوام دەستپێبکات و هەنگاوێکی نوێ بۆ گەیشتن بە خەونەکانی بنێت.

 

لەو چاوەڕوانییەدا، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، هیوا بەرەو بازاڕی ناحییەی تەکێ کەوتەڕێ کە خۆپیشاندانی هاووڵاتیان دژی دواکەوتنی موچە و بارودۆخی ژیانیان بەڕێوەدەچوو، هیوا بە دایکی وتبوو، "دەچم سەرم چاک دەکەم."

 

 

دایک و باوکی و شەش خوشک لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی کوڕە تاقانەکەیاندا بوون، بەڵام لە پڕ دەنگی تەقەیەکی زۆر دایچڵەکاندن و یەکێک لەو فیشەکانەی تەقێندران بەر سنگی هیوای 20 ساڵان کەوت و تەرمەکەی بردرایەوە بەردەمی دایک و باوک و شەش خوشکەکەی.

 

ئامۆزاکەی هیوا دەڵێت، "هیوا گەنجێکی زۆر زیرەک و لەسەرخۆ بوو، ئێستا دایک و باوکی و خوشکەکانی لە دۆخێکی زۆر خراپدان بە لەدەستدانی هیوای کوڕی تاقانەیان."

 

 

هەر لەوبارەیەوە، کۆلێجی یاسا لە زانکۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوخەمی خۆی بۆ گیان لەدەستدانی هیوا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، " خوێندکاری ئازیزمان لەسەرکەوتووەکانی سەرئاستی هەرێمی کوردستان بووە و لەم ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ لەقۆناغێ یەکەمی بەشی یاسای کۆلێجمان وەرگیراوە . "

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، " سەرجەم مامۆستایان و خوێندکارانی ئازیزی کۆلیجمان ئاگادار ئەکەینەوە وەک هاوخەمیەک و بەشداری لە پرسەی خوێندکاری ئازیزمان ڕۆژانی ٩-١٢ و ١٠-١٢ دەوامی فەرمی لەکۆلێجمان ڕادەگرین، لە هەمان کاتدا داوا لە لایەنە پەیوەندی دارەکان دەکەین بەزووترین کات ڕێکاری یاسایی پێویست بگرنە بەر ."

 

رۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.

 

رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.

 

رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق و دەربەندیخان و کفری و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و چەند شارێکی ڕژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەندی بینایەکی تری حکومی لەو شارانە سوتێنران.

 

تائێستا بە کۆی گشتی، پێنج خۆپیشاندەر لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان، کفری، سەیدسادق و تەکیە کوژراون، هاوکات نزیکەى 100 بریندار لە ڕیزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان تۆمار کراون.