گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سبەینێ شاندی هەرێم دەچێتە بەغدا

2020.12.08 - 20:23
App store icon Play store icon Play store icon
سبەینێ شاندی هەرێم دەچێتە بەغدا

ناس کورد-

وتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران ڕایگەیاند، بڕیارە‌ سبە‌ینێ چوارشە‌ممە‌ شاندی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان بە ‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، سە‌ردانی بە‌غدا بكات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سە‌میر ھە‌ورامی لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە بۆ ناس کورد نێردراوە (8ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، سەردانەکە "بە‌مە‌بە‌ستی بە‌ردە‌وامیدانە بە‌ گفتوگۆكان وگە‌یشتن بە‌ڕێككە‌وتن لە‌بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان و بە‌تایبە‌ت پرسی دارایی و جێگیر كردنی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی 2021ی عێراق."

 

ئەمرۆ لە كۆبوونه‌ى هاوبه‌شى پارتى و يه‌كێتى و گۆڕان له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان بڕيار درا به‌ زووترين كات‌ شاندێكى باڵاى سياسى و حكوميى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵ و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان.  

  

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 8ی کانونی یەکەمی 2020، بە سه‌رپه‌رشتيى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى پارتى ديموكراتى كوردستان، يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.  

  

لە ڕاگەیەنراوەکە کە ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردووەتەوە و ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (8ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "كۆبوونه‌وه‌ بڕيارى دا به‌ زووترين كات‌ شاندێكى باڵاى سياسى و حكووميى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان بۆ‌ گه‌يشتن به‌ ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، به‌تايبه‌تيش بابه‌تى ماف و شايسته‌ دارايييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و جێگيركردنيان له‌ پڕۆژه‌ياساى بودجه‌ى 2021ى عێراقدا."  

  

دەشڵێت، "كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر پشتگيريى چاكسازييه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ داهات و خه‌رجيى هه‌رێم و گرتنه‌به‌رى هه‌موو هه‌نگاوێكى پێويست كرده‌وه‌ بۆ دابينكردنى مووچه‌ى مانگانه‌ى مووچه‌خۆران و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى داوا ڕه‌واكانيان."  

  

كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "خۆپيشاندانى مه‌ده‌نيانه‌ى دوور له‌ گرژى و په‌لاماردانى دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كان و سه‌روماڵى هاووڵاتيان، مافێكى ڕه‌وايه‌ و لايه‌نه‌كان جه‌ختيان له‌ به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌ش كرده‌وه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى هاووڵاتيان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى نه‌خوازراوى هه‌رێمى كوردستان، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دييه‌كان و پارێزگاريكردن له‌ قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا."