گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری و زانیاری

باوکی سەلمان دوای چەند کاتژمێرێک لە کوژرانی کوڕەکەى ئاگادارکرایەوە

2020.12.08 - 20:08
App store icon Play store icon Play store icon
باوکی سەلمان دوای چەند کاتژمێرێک لە کوژرانی کوڕەکەى ئاگادارکرایەوە

ناس کورد-

دوای ئەوەی لە کاتژمێر 4:00ی ئێوارە کارەکەی وەک کرێکارێک تەواو کرد و ڕۆژانەکەی لە وەستاکەی وەرگرت، بەرەو ماڵەوە گەڕایەوە، بەڵام نەیزانی کە ئەوە دوایین جارە چاوی بە دایک و براکانی دەکەوێت و دوای تەنها دوو کاتژمێر دەبێتە یەکێک لە کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکان، ئەوەش چیرۆکی ئەو گەنجەیە بەناوی ئاکۆ سەلمان کە دوێنێ لە خۆپیشاندانەکانی شاری کفری کوژرا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاکۆ سەلمان، ئەو گەنجەیە کە دوێنێ دووشەممە (8ی کانونی یەکەمی 2020) لە خۆپیشاندانەکانی شاری کفری بەهۆی بەرکەوتنی گولەوە گیانی لەدەستدا.

 

شوان عەلی، کوڕی خاڵی ئاکۆ سەلمان لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، " ئاکۆ تەمەنی 21 ساڵ بوو، باوکی بەهەژاری و نەداری ئەو و برا خوشەکەکانی پێگەیاندووە، باوکی پاسەوانی یەکێکە لە قوتابخانەکانی شاری کفری ودوای دەوامەکەی بەمەبەستی پەیداکردنی بژێوی ژیانی بەیانیان زوو نۆکاو دەفرۆشێت".

 

بەوتەی شوان عەلی، "ئاکۆ بەهۆی هەژاری و دەست کورتییەوە نەیتوانیوە قوتابخانە لەکاتی خۆێدا تەواو بکات، بۆیە ئەمساڵ تاقیکردنەوەی دەرەکی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ئەنجامداوە و توانیویەتی نمرەیەکی باش بەدەست بهێنێت و لە بەشی زاستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی گەرمیان وەربگیرێت، بەڵام مەخابن مەرگ ڕێگەی نەدا ئاواتەکەی بێتە دی".

 

شوان بۆ ناس کوردی گێڕایەوە، سەرباری ئەوەی ئاکۆ تەمەنێکی زۆری نەبوو، بەڵام ڕێزێکی بەرچاوی هەبوو لە ناو خەڵکی شارەکە و هاورێیەکانی، چونکە گەنجێکی چاوکراوە، رۆشنبیر و چالاکبوو، بەردەوام بەشداریی لە هەموو چالاکییە کۆمەلایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی شارەکەی دەکرد."


دوێنێ کاتێک خوپیشاندانەکە دەستی پێکردووە ئاکۆ لە ماڵەوە بووە، چونکە تازە لەسەر کارەکەی تەواو بووە و لە ماڵەوە بووە، دوای پشوویەکی کورت بەرەو ناو خۆپیشاندەران چووە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم و لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارە هەواڵی مەرگی ئاکۆ بە خێزانەکەی دراوە.

 

شوان دەڵێت، " بەداخەوە گولـلەیەک بەرناو دەمی کەوتبوو، دوای 40 خولک مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".

 

"ئەوەی جێی داخە تا ماوەیەکی زۆر باوکی بە مەرگی کوڕەکەی نەزانیبوو، لە کاتژمێر 8:00 باوکیان ئاگادارکردەوە، ئەوکات لەسەر کارەکەی خۆی بووە کە پاسەوانی یەکێکە لە قوتابخانەکانی شارەکە"، شوان عەلی وای وت.

 

"سەلمانی باوکی ئاکۆ کوڕێک و دوو کچی دیکەی هەیە، بەڵام شەوی ڕابردوو، ئاکۆی کوڕی بۆ هەتاهەتایە جێی هێشتن و لە نیوە شەودا لە گۆڕستانی باوەشاسواربەخاک سپێردرا."

 

دوێنێ (7ی کانونی یەکەمی 2020)، خۆپیشاندان لە کاتژمێر 5:00ی سەر لە ئێوارە لە شاری کفری دەستی پێکرد، خۆپیشاندەران بە ئاڕاستەی شەقامی سەرەکی نێوان کۆمیتەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ناوچەی پارتی بەڕێکەوتن.

 

رۆژى (2 کانوونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.


رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لەچەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانوونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.



رۆژى (7ی کانوونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق رژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، بیناى قایمقامیەت ئاگریان تێبەردرا.