ناس کورد-
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق تویتێکی بە زمانی کوردی لەبارەى خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پشتگیری خۆپیشاندانەکان دەکەن بەڵام "قەت قبوڵی ناکەن بارەگا حزبییەکان بسوتێنرێت."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
قەیس خەزعەلی لە تویتێکیدا بە زمانێکی تێکشکاوی کوردی کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (8ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "وەکو چۆن لەگەڵ خۆپیشاندانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بوین و پاڵپشتیمان کرد، ئاواش لەگەڵ خۆپیشاندەرانی هەرێم دەبین، بەڵام سوتاندن و ڕوخاندنی بارەگا و جێگاکان قەت قبوڵ ناکەین."
دەشڵێت، "دووبارە پێشنیازی خۆمان ئاڕاستەی حکومەتی ناوەندی دەکەین بە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان و دور لە ڕۆڵی سیاسیی و حزبایەتی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا."
رۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.
رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.
رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق و دەربەندیخان و کفری و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و چەند شارێکی ڕژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەندی بینایەکی تری حکومی لەو شارانە سوتێنران.
تائێستا بە کۆی گشتی، پێنج خۆپیشاندەر لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان، کفری، سەیدسادق و تەکیە کوژراون، هاوکات نزیکەى 100 بریندار لە ڕیزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان تۆمار کراون.