گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارتی لە گەرمیان: ئەوانەى بارەگا دەسوتێنن بوونەتە بوکەڵە و کار بۆ ڕوخاندنی هەرێم دەکەن

2020.12.08 - 17:00
App store icon Play store icon Play store icon
پارتی لە گەرمیان: ئەوانەى بارەگا دەسوتێنن بوونەتە بوکەڵە و کار بۆ ڕوخاندنی هەرێم دەکەن

ناس کورد-

بەرپرسی لقی ۲۲ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "ئەو خەڵکانەی بارەگا دەسووتێنن و تێک دەدەنبوونەتە بوکەڵە و کار بۆ ڕووخاندنی هەرێمی کوردستان دەکەن نەک چاکسازی و داواکردنی ماف".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەى ڕاگەیاند، "لە سنوری لقی ئێمە، شەوی ڕابردوو لەلایەن ئەو کۆمەڵە بەنێو خۆپێشاندەر و ئاژاوەچییە، سووتێنرا، لە بارودۆخی شارەکانی کفری و ڕزگاری و باوەنوور، چوونە بەردەمی بارەگاکان، بەڵام نەگەیشتە حاڵەتی پێکدادان، بارودۆخی ئەم ناوچانە تا ئێستاش ئاڵۆزیی پێوە دیارە، ئەگەر چارەسەرێکی باشی بۆ نەدۆزرێتەوە دوور نییە ئەمڕۆ، یان ڕۆژانی ئایندە، دووبارە بێتەوە."

 

لەبارەی هەڵوێستی هێزە ئەمنییەکانی ئەم ناوچانە، بەرپرسی لقی 22ی پارتی وتی، "تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی خۆپێشاندان نییە، هەڵوێستی هێزە ئەمنییەکان ئەوکاتانە دەردەکەوێت کە خۆپێشاندەرانی هاوشێوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، دووبارە هەڵبکوتنەوە سەر ماڵ و بارەگای حیزبی و حکوومی، ئەوکاتە هەڵوێستیان دەردەکەوێت. دوێنێ بەداخەوە هیچ هەڵوێستێکی وایان نەبوو بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی خەڵک و بارەگا حیزبی و حکوومییەکان کە ئەشیاکانی نێو بارەگاکانیشیان تاڵان کرد، ئومێد دەکەین هێزە ئەمنییەکانی ئەم سنوورانە باشتر و بەرپرسانەتر کاری خۆیان بکەن."

 

ئەکرم زیاتر دەڵێت، "سەرەنجام ئەوەی ڕوو دەدات بە زیان بۆ هەموو لایەک دەشکێتەوە، ئەو خەڵکانەی ئاژاوە دەنێنەوە و بارەگا دەسووتێنن و تێک دەدەن، جگە لەوەی مەرامێکی تایبەتی لە پشتە و ئامانجێکی ڕوونیان نییە، چونکە ئەم کارانەی ئەنجامی دەدەن کاری تێکدرانەیە، جگە لەوەی بارگای حیزبەکان دەسووتێنن، فەرمانگە حکوومییەکانیش دەسووتێنن، زیان بە خەڵک دەگەیەنن، گومانم لەوە نییە مەرامێکی سیاسی و ئامانجێکی شاراوە لە پشتی ئەو کارانەوەیە، چونکە ئەم کارانە خۆپێشاندانی مەدەنی نییە بۆ داوایەکی ڕەوا، ئەوە کاری تێکدەرانەیە، زیانگەیاندنە بە دەزگا مەدەنی و حکوومی و حیزبییەکان ئەوەی کە ئەمانە بوونەتە بوکەڵە و کاری لەسەر دەکەن هەوڵدانە بۆ لاوازکردن و ڕووخاندنی هەرێمی کوردستان، نەک بۆ چاکسازی و داواکردنی ماف".

 

بە وتەی ئەکرەم ساڵح، تائێستا "لێژنەی ناوچەی شارەزوور، سەیدسادق، پیرەمەگرون و دەربەندیخان، واتا چوار بارەگا تا ئێستا سووتێنراوە."

 

رۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگرى بکەن لە دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان.

 

رۆژانى دواتر خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکى دیکەى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو، رۆژى (6ى کانونى یەکەمى 2020) خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى یان سوتاند و هەوڵى سوتاندنى بارەگاى پارتیاندا بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکى زۆرەوە دورخرانەوە.

 

رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2020) ژمارەیەک لە خەڵکانى ناڕازیی لە سەیدساق و دەربەندیخان و کفری و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و چەند شارێکی ڕژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەندی بینایەکی تری حکومی لەو شارانە سوتێنران.