گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجامى توێکارى تەرمەکەى

ئەدهەم یەحیا، ئەو گەنجەی لە گوندەوە هات و لە چەمچەماڵ کوژرا

2020.12.07 - 22:49
App store icon Play store icon Play store icon
ئەدهەم یەحیا، ئەو گەنجەی لە گوندەوە هات و لە چەمچەماڵ کوژرا

ناس کورد- هەڤاڵ غالب

لەناو دەنگى تەقە و ئاڵۆزى و گرژییەکى زۆردا، هاوڕێکانى بەپەلە جەستەى خوێناوى ئەدهەمیان هەڵگرتەوە، بەڵام ئەوە ژیانى بۆ نەگێڕایەوە و بۆ هەتایە چاوەکانى لێکنا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەدهەم بووە یەکەم قوربانى خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییە کە دژى خراپى دۆخى دارایی و دواکەوتنى موچە سنورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى راپەڕین و گەرمیانى گرتووەتەوە.

 

ئەدهەم یەحیا تەمەن 24 ساڵان هێشتا هاوسەرگیری نەکردبوو، پاش نیوەرۆى ئەمڕۆ لەماڵ چووەتە دەرەوە و تێکەڵ بەو کەسانە بووە کە دژى خراپى دۆخى دارایی رژابونە سەر شەقام، پێش ئەوەى بەفیشەک بپێکرێت و گیان لەدەستبدات.

 

یونس ئەحمەد، مامی ئەو گەنجە کوژراوە بۆ ناس کورد وتی، "ئەدهەم لەبەر بێ کاری ڕۆژانە سەردانی باوکی دەکرد لە گوندی بنگرد و کاری ئاژەڵدارییان دەکرد چونکە گوندەکە نزیکی چەمچەماڵە ئێواران دەگەڕایەوە چەمچەماڵ".

 

وتیشى، "ئێمە نازانین ئەم گەنجە بەشداری خۆپیشاندانی کردووە یان نا بەڵام بە فیشەک پێکراوه و کوژراوە و لەئێستاشدا تەرمەکەلە پزیشکی دادوەری سلێمانیە".

 

ئەدهەم خەڵکی گوندی بنگردی ناوچەی شوانە و دوو ماڵیان هەیە لەچەمچەماڵ و لەگوندەکەى خۆیان و خوێندنی تەواو نەکردووە.

me_ga.php?id=1777

ڕەنج ڕەسوڵ، هاوڕێی ئەدهەم بۆ ناس کورد وتی، "ئەدهەم ئەوکاتانەی لەگوندەوە دەهاتەوە چەمچەماڵ لەچایخانە پێکەوە دادەنیشتن، ئەو گەنجێکی بێ کاربوو ساڵانە چەند مانگێک کاری ئاژەڵداری و فەلاحەتی لەگەڵ باوکی دەکرد".

 

وتیشی، "ئەدهەم گەنجێکی خوێن گەرم بووە و لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆدا گیانی لەدەستدا".

 

دواى گیان لەدەستدانى تەرمى ئەدهەم بۆ پزیشکى دادوەرى سلێمانى گوازرایەوە بەمەبەستى ئەنجامدانى پشکنینى توێکارى و دواتر رادەستى کەسوکارى کرایەوە.

  

د.بەرزان محەمەد بەرێوەبەرى پزیشکى دادوەرى سلێمانى بە "ناس کورد" ى راگەیاند، تەرمى ئەدهەم یەک فیشەکى پێوە بووە و بەر سنگى کەوتووە.

 

لەبارەى ئەوەى بە چى فیشەکێک پێکراوە، بەرزان محەمەد وتى "فیشەکەکە لە جەستەى دەرهێنراوە و رەوانەى لێکۆڵینەوە کراوە، لەبەرئەوەى رووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە ناتوانین ئەوە ئاشکرا بکەین".

 

ئەو شوێنەى ئەدهەمى لێپێکراوە دەکەوێتە بەردەم بارەگاى پارتى، بەڵام بەرپرسانى ئەو حزبە رەتیدەکەنەوە بە فیشەکى ئەوان پێکرابێت.

 

یوسف ئەنوەر کارگێڕى لقى پارتى لە چەمچەماڵ لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیاکانى پارتى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رەتیکردەوە کوژرانى ئەو خۆپیشاندەرە پەیوەندى بەئەوانەوە هەبێت.

 

وتیشى ئەو کەسە 300 مەتر دوور لە لقى 19 شەهید بووە، بەدواداچوونى زیاتر دەکەن لەو بارەیەوە، چونکە لەنێوان دوو بارەگا پێکراوە.

129502357_1507798852764206_6805356793385422131_n.jpg?_nc_cat=108&ccb=2&_nc_sid=8bfeb9&_nc_eui2=AeHhghRObr4aNyGn2M0VV7qUzMRA7gLmf03MxEDuAuZ_TYi7GmqUhbhG3LFVpAxncvM&_nc_ohc=bPng-vYGmCEAX_9ESuM&_nc_ht=scontent.fbgw4-2.fna&oh=7b3b33969ea21ea089c07eb918d03e1c&oe=5FF5673B

یوسف ئەنوەر باسى لەوەشکرد، لە دوو ئاڕاستەوە تەقە لە بارەگاى لق کراوە و زیانى مادى بەر بارەگاکە کەوتووە.