گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ناکرێت بەردەوام بێت’’

عوسمانی حاجی مەحمود پەیامێکی لەبارەى خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە

2020.12.07 - 20:37
App store icon Play store icon Play store icon
عوسمانی حاجی مەحمود پەیامێکی لەبارەى خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە

ناس کورد-

عوسمانی حاجی مەحمود، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەى گۆڕان و وەزیری پێشووتری ناوخۆی هەرێم پەیامێکی لەبارەى خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە و دەڵێت، چیتر ئەم جۆرە ئەقڵیەت و شێوازە دەسەڵاتداریە ناکرێت بەردەوام بێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عوسمانی حاجی مەحمود کە وەک سیاسییەتی کورد ناوزەد دەکرێت لە پەیامێکی پێنج خاڵیدا کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (7ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "داوا لەھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم دەکەم، بەشێوەیەکی سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ ھاوڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەران و میدیاکاران بکەن."

 

1- چەند رۆژێکە هاوڵاتیانی کوردستان بە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان و بە تایبەتی، موچەخۆران لە چەند شار و شارۆچکەیەک کەتونەتە دەربڕینی ناڕەزایەتی وبێزاری و خۆپیشاندان و ڕێپێوان دژ بە پێنەدانی موچە و بڕینی قوتی رۆژانە و هەمو ئەو ناهەقی و زۆڵمە فرە جۆرانەی بەرامبەریان دەکرێت.

2- ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە، کە گوێیان لێبگرن و مافە رەواکانیان جێبەجێ بکەن و بەهیچ شێوەیەک توندوتیژیان بەرامبەر بەکار نەهێنن، ئەو جۆرە ھەڵسوکەوتە ناشارستانیە و بەکارهێنانی هێز، ھیچ ئەنجامێکی نابێت و بازنەی ناڕەزایەتی وبێزاری فراوانتر و بەھێزتر دەکات و ڕق وتوڕەیی زیاتری لێدەکەوێتەوە.

3- داوا لەھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم دەکەم، بەشێوەیەکی سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ ھاوڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەران و میدیاکاران بکەن و دوربکەونەوە لە ئەنجامدانی توندوتیژی و گرتن وئازاردان، خۆپیشاندەران رۆڵەی بەشخوراوی ئەم گەلەن و لەهەمان کاتدا، کەسوکاری خۆتانن و بارودۆخی ژیانی زۆربەتان وەکو ئەوانن.

4- داوا لەھاوڵاتیانی ناڕازی وخۆپیشاندەر دەکەم، بە تایبەت لاو و گەنجە خاوەن ماف و دڵگەرمەکان، کە سەرەڕای ھەر جۆرە بەربەستێک کەلەکاتی خۆپیشانداندا بۆیان دروست دەکرێت، بەشێوەیەکی ھێمن وئاشتی و مەدەنیانە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و زەرەرو زیان بەدام ودەزگاکانی حکومەت و موڵکی گشتی و تایبەت مەگەیەنن وبیانپارێزن، وەھەروەھا لە زیانگەیاندن و سوتانی بارەگا حزبیەکان دوربکەونەوەو پەلاماریان مەدەن چونکە لەو رێگایەوە ھیچ چارەسەرێک بەدی نایەت.

5- داوای هاوڵاتیان لەم قۆناغەدا، بۆ موچە و خزمەتگوزاری و ژیانێکی شایستەیە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردستان لەبری گوێپێنەدان و فەرامۆشکردنی مافە رەواکانی هاوڵاتیان و بەکارهێنانی توندوتیژی و داخستنی کەناڵی تەلەفزیۆن و زیندانیکردنی چالاکوانانی مەدەنی و بەکارهێنانی هێز و پارە و زیاترکردنی ستەم، ئاوڕێکی جدی و ئەقڵانی لە ساڵانی ڕابردوی حوکمڕانی وبەرئەنجامەکانی بدەنەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی، چونکە چیتر ئەم جۆرە ئەقڵیەت و شێوازە دەسەڵاتداریە ناکرێت بەردەوام بێت و میژوش هەر ئەوەی سەلماندوە هیچ دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای گەندەڵی و نادادی و زوڵم کردن لە هاوڵاتیانی ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت. لەبەر ئەوە پینەوپەڕۆ و تۆمەت بەخشینەوە، ھیچ ئەنجامێکی نابێت جگەلەوەی کە برینەکان قوڵتر دەکاتەوە و نیشتیمانەکەمان و ھاونیشتیمانیانی کوردستانیش لەقەیرانێکەوە بەقەیرانێکیتر دەسپێرێت.

عوسمانی حاجی مەحمود
٧/١٢/٢٠٢٠