کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- ئەندامێكی داواكاری گشتی لە دادگای هەولێر، پاش ئەوەی داوایەك لەسەر وەزیری دارایی و دیارنەمانی چوار مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەجوڵێنێت، لە فەرمانگەی داواكاری گشتی هەولێرەوە دەگوازرێتەوە بۆ جێگرایەتی داواكاری گشتی خەبات. . ئەبوبەكر حامد عەبدوڵڵا، ئەندامی داواكاری گشتی لە دادگای هەولێر نوسراوێكی جوڵاندووە كە لە ڕۆژی 3ی ئایاری 2019 نووسراوە و لە ڕۆژی 5ی هەمان مانگ بڵاوبووەتەوە و وێنەیەكی دەست ناس كورد كەوتووە، تیایدا داوای لێكۆڵینەوە لە وەزیری دارایی دەكات، سەبارەت بەو چوار مووچەیەی فەرمانبەرانی هەرێم كە حكومەتی عێراق ناردویەتی و حكومەتی هەرێم دابەشی نەكردووە. . پاش دوو ڕۆژ لەو نووسراوە و لەهەمان ڕۆژی بڵاوبوونەوەیدا، داواكاری گشتی هەرێم بڕیاڕیداوە ئەو دادوەرە لە فەرمانگەی داواكاری گشتی هەولێرەوە بگوازێتەوە بۆ جێگرایەتی داواكاری گشتی خەبات. . لە نووسراوەكەی داواكاری گشتیدا ئاماژە بەوەكراوە:"لەبەر بەرژەوەندی گشتی و دابەشكردنی كارەكانی ئەندامانی داواكاری گشتی بڕیارماندا بە ئینتیدابكردنی (ئەبوبەكر حامد عەبدوڵڵا) كە ئەندامی داواكاری گشتییە لە فەرمانگەی گشتی هەولێرەوە بۆ جێگرایەتی داواكاری گشتی خەبات و فەرمانەكە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێدەكرێت". . لەو بارەیەوە حاكم شێخ لەتیف، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاندووە، سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێم ئەو بڕیارەی لە دژی ئەبوبەكر حامید عەبدوڵڵا دەركردووە، لەسەر ئەو داوایەی لەبەرامبەر وەزیری دارایی جوڵاندوویەتی، كە ئەوەش زیاتر دەست تێوەردان و بچوككردنەوەی دەزگای دادوەرییە. . حاكم شێخ لەتیف ئاماژەی بەوەشكردووە:"هیوادارین ئەگەر وانییە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی ڕوونكردنەوە بدات و بەم شێوەیە بڕوات هیچ نرخێك بۆ دامودەزگا یاساییەكان نەهێڵرێتەوە خەڵكی لە دواجاردا بەناچاری پەنا دەباتە بەر بەرەنگاربوونەوەی چەكداری". .