گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باسی موچە و خۆپیشاندانەکان دەکات

مەسرور بارزانی بۆ هێزە ئەمنییەکان: ڕێگە لە ئاژاوە و پشێوی بگرن

2020.12.07 - 20:00
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانی بۆ هێزە ئەمنییەکان: ڕێگە لە ئاژاوە و پشێوی بگرن

ناس کورد-

مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێم داوا لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەکات "ڕێگە لە ئاژاوە و پشێوی نانەوە بگرن و سەرپێچیکارانيش ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا کە کۆپییەکی بە دەستی ناس کورد گەیشتووە (7ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەست بە بارگرانی و سەختی ژیانی هاووڵاتییان دەکات و سوپاسی خۆڕاگریشیان دەکات و خۆپێشاندانی ئاشتیانە و شارستانیانەش، بە مافێکی ڕەوا دەزانێت لە چوارچێوەی یاسادا ، بەڵام هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای ڕەوای خەڵک."

 

دەشڵێت، "بۆیە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێ لە گەڵ پاراستنی گیانی گشت هاووڵاتییان ، بە خۆپێشاندەرانیشەوە ، ڕێگە لە ئاژاوە و پشێوی نانەوە و پەنابردنە بەر تووندتیژی و تێکدانی شوێنە گشتی و تایبەتی و بارەگاکان بگرن و سەرپێچیکارانيش ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە."

 

باسی لەوەشکردووە کە "ئەم دۆخە سەختە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەم نەکەونە ژێر کاریگەریی هەوڵ و پەیامە تێکدەرەکان کە ئامانجیان ئاڵۆزکردن و تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە . هەروەها پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش، هاوکار و یارمەتیدەر بن لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە و پاراستنی ئارامیی و قەوارەی هەرێمی کوردسنان، کە ئەرکی هەموومانە."

 

جەختی کردووەتەوە کە "لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی کە هەرێمی کوردستان و عێراق و دونیای گرتووەتەوە، لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەردەوامە لە گفتوگۆ بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ، کە بەداخەوە تا ئێستا نەیناردووە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا، هەموو نەرمییەکیشی نواندووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ، کەچی بەداخەوە خەڵکانێک دەیانەوێ بژێوی خەڵک بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەکاربهێنن و بە بیانووی بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان ، هەوڵی تێکدان و سووتاندن و ئاژاوەنانەوە دەدەن."