گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هۆشداری پێشوەختە’’

فراکسیۆنى گۆڕان: پشتیوانیی بێ چەندوچونی خۆپیشاندەران دەکەین

2020.12.07 - 16:31
App store icon Play store icon Play store icon
فراکسیۆنى گۆڕان: پشتیوانیی بێ چەندوچونی خۆپیشاندەران دەکەین

ناس کورد-

فراکسیۆنى گۆڕان لە بەغدا ڕایگەیاند، "پشتیوانیی بێ چەندوچونی خۆپیشاندەران دەکەین" و خۆپيشاندانی مەدەنی بە مافێکی سەرەتایی خەڵکی توڕە و بەشخوراوی کوردستان دەزانن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی ناس کورد کەوتووە (7ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "هۆشداری پێشوەختەی ئێمە بە بریاربەدەستانی گۆڕان بۆ كشانەوەیان لە دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتکاری هەرێم بێ سود بو، بە پێچەوانەوە دەبینین ئێستا تۆختر رو لە پۆست و دەسەڵاتن، لە جیاتی روکردنە شەقام دڵخۆشن بە هاوڕیزییان لەگەڵ دو حزبە تەقلیدیەکەی دەسەڵات."

 

 

دەقی راگەیەنراوەکە:

‎راگەیەنراوێک لە فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق-ەوە.

‎فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی شەقامی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بە تایبەتی، لە شاری بەغدا کۆبوەوە و ئەم چەند خاڵەی خوارەوەی راگەیاند:

‎یەک: پشتیوانیی بێ چەندوچونی خۆپیشاندەران دەکەین و خۆپيشاندانی مەدەنی بە مافێکی سەرەتایی خەڵکی توڕە و بەشخوراوی کوردستان دەزانین بەرامبەر بەو هەمو ناحەقی و غەدر و زوڵمەی دەسەلات لە هەرێمدا دژی خەڵک و موچەخۆران دەیکات.

‎دوو: وەک فراکسێۆنی گۆڕان هەمو رێگا یاسایی و توانا پەرلەمانیەکانمان بۆ پشتیوانیی فەرمانبەرانی هەرێم دەخەینە گەڕ و کار دەکەین بۆ ئەوەی لە یاسای بودجەی ۲٠۲۱ دا موچەی فەرمانبەران بێلایەن بکەین لەو کێشانەی لە نێوان هەردو دەسەڵاتی هەرێم و فیدراڵدا هەیە. بەوپەڕی راشکاوییەوە دژی ناشەفافیەتی دەسەڵاتی هەرێم و خەمساردی حکومەتی فیدراڵ دەوەستینەوە سەبارەت بە دابیننەکردنی موچەی فەرمانبەران.

‎سێ: هۆشداری پێشوەختەی ئێمە بە بریاربەدەستانی گۆڕان بۆ كشانەوەیان لە دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتکاری هەرێم بێ سود بو، بە پێچەوانەوە دەبینین ئێستا تۆختر رو لە پۆست و دەسەڵاتن، لە جیاتی روکردنە شەقام دڵخۆشن بە هاوڕیزییان لەگەڵ دو حزبە تەقلیدیەکەی دەسەڵات. بەمەش هێندەیتر لە پرەنسیپەکانی گۆڕان و سەرەتا فکرییەکانیی دور دەکەونەوە، چونکە شوینی راستەقینەی گۆڕان ناو خەڵکە نەک پاشکۆیەتیی دەسەڵاتێکی شکستخواردوو.

‎چوار: پەنابردن بۆ چارەسەری ئەمنی و پۆلیسی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و لاساییکردنەوەی پارتی لە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی مامۆستا و رۆژنامەنوس و چالاکوانانی مەدەنی و داخستنی دەزگای میدیایی، نەک چارەسەری کێشەکان ناکات، بەڵکو توڕەیی خەڵک زیاتر دەکات.

‎پێنج: بە دیدی ئێمە رەوایەتیی تەواو لای شەقامە و شەرعیەت و مەشروعیەت لای دەنگی خەڵکە، ئەوەی ناوی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمە بەهەمو پێوەرێک شکستی خواردوە، چارەسەر ئەوەیە ئەم کابینەیە هەڵوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق ئەنجامبدرێت.

‎بەغدا
‎۷ی دێسەمبەری ۲٠۲٠