ناس کورد-
هێزێکی پۆلیس چوونەسەر ماڵی بەدەڵ بەرواری کە ماوەی زیاتر لە چوار مانگە لە زیندانە، کوڕێکی ئەو مامۆستایە دەڵێت، تەنها دایکی و دوو خوشكی منداڵی لە ماڵ بوون و هێزەکە سەرجەم ماڵەکەیان پشکنیوە و مۆبایلەکەی باوکی و چەند فایلێکیان بردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاری بەدەل بەرواری، کوڕی مامۆستا بەدەل بەرواری (دووشەممە 7ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی وت، "کاتژمێر 11:30 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی پۆلیس هاتنەسەر ماڵمان و لەوکاتەدا تەنها دایکم و دوو خوشکی بچوکم لە ماڵەوە بوون و زۆر ترساون."
وتیشی، "هێزەکە تەواوی ماڵەکەیان پێشکنیوە و مۆبایلەکەی باوکم و چەند فایلێکی قوتابخانەی باوکمیان بردووە و ڕۆشتوون."
کوڕەکەی بەدەل بەرواری ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو هەوڵێکی یاساییان داوە بۆ ئازادکردنی باوکی، بەڵام کەس گوێیان لێناگرێت و نازانن چارەنوسی باوکی چی بەسەردێت.
مامۆستا بەدەل بەرواری، كە لە پەیوەست بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی مانگی ئابی هەرێمی كوردستانەوە، بە تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، لە دهۆك دەستگیركرابو، لەلایەن دادگای تاوانەكانی ئەو شارەوە لە رۆژی 4/10/2020، بڕیاری ئازادكردنی دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراوە.
زیاتر بخوێنەرەوە: بەڵگەنامەیەك: دادگای دهۆك بێتاوانی چالاكوانێكی سەلماندووە بەڵام هێشتا هەر لە گرتووخانەدایە
کوڕەکەی بەدەل بەرواری دەڵێت، ئەوکاتەی دادگا بڕیاری ئازادکردنی باوکی دا، بەڵام لە پۆلیس ئازادکرا و ئاسایش دەستگیریکرد، دەشڵیت، "تاوەکو ئێستا یەک جار ڕێگەیان داوە بیبینن."
زیاتر بخوێنەرەوە: کوڕێکی بەدەل بەرواری ناوەڕۆکی تەلەفۆنەکەى باوکی لە زیندانەوە ئاشکرا دەکات