ناس كورد-
سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا ئاشکرایکرد، هێزە شیعییەکان بەنیازن جارێکی تر هاوپەیمانی نیشتیمانی زیندوو بکەنەوە پێش ئەنجانمدانی هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حسێن مالکی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (6ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "حەوت لایەن سیاسییە سەرەکییەکەی ماڵی شیعە کە پێکهاتوون لە سائرون، بەدر، دەوڵەتی یاسا، نەسر، ڕەوتی حیکمە، فەزیلە و سادقون، بڕیاریانداوە جارێکی تر لیژنەی حەوتی و هاوپەیمانی نیشتمانی پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو زیندو بکەنەوە".
ئاماژە بەوەشکردوە، مەبەست لەو جموجۆڵە سیاسییە کە پێش چەند مانگێک دەستی پێکردووە، یەکخستنەوەی ماڵی شیعەیە و دوورکەوتنەوەیە لە تۆمەتبارکردنی یەکتر و ئامادەکارییەکە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتوو".
سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "تائیستا لایەن شیعییەکان ڕێککنەکەوتوون لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ ئەو لیژنەیە، لە کۆبوونەوەکانی پێشوویاندا بە چڕی چۆنێتی و شێوازی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا تاوتوێی کردووە."
حسێن مالکی باسی لەوەشکردووە، "بیرۆکەی زیندوکردنەوەی لیژنەکە وهاوپەیمانی نیشتمانی دوای خۆپیشاندانەکان بە تەواوەتی گەڵاڵە بووە، کە بووبە هۆکاری ناشرینکردنی وێنەی ئەو لایەنە سیاسیانە".
سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا پێشبینی ئەوەشی کردووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا هاوپەیمانێتییەک پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لەنێوان دەوڵەتی یاسا وهاوپەیمانی بەدری سەر بەهادی عامری وهاوپەیمانی سادقونی سەر بەقەیس خەزعەلی دروست بێت دوور لە هاوپەیمانی نەسر، سائرون و ڕەوتی حیکمە.