گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەغدا بودجەى هەرێم دەنێرێت

میدیای فەرمی حکومەتی عێراق ’’ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا’’ی پشتڕاستکردەوە

2020.12.06 - 08:29
App store icon Play store icon Play store icon
میدیای فەرمی حکومەتی عێراق ’’ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا’’ی پشتڕاستکردەوە

ناس کورد-

ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی جەخت لە "ڕێککەوتنی سەرەتایی" نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵی دەکاتەوە و دەڵێت، ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکە گەرەنتی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات لە بەرامبەر ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکانی بە بەغدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژنامەکە لە هەواڵێکدا کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (6ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "ڕێککەوتنەکە تاڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی ڕێککەوتنەکەى نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدییە و تەنها چەند بڕگەیەکی بۆ زیاد کراوە و لە پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2021دا جێگیرکراوە بۆ ئەوەی پەرلەمانی پەسەندی بکات."



ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا جارێکی تر بەهۆی تێپەڕاندنی یاسای کورتهێنانی دارایی سەری هەڵدایەوە کە حکومەتی عێراق دەستکراوەکرد بە قەرزکردن بۆ دابینکردنی موچە، یاساکە جارێکی تر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستانی بەستەوە بە پابەندبوونی هەرێم بە ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل و نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان.


ئەحمەد سافار، بڕیاردەری لیژنەى دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی وتووە، "هەردوو حکومەتی ناوەندی و هەرێم ڕێککەوتوون لەسەر کارکردن بەو ڕێککەوتنەی کە بڕیاری بوو لە بودجەى ساڵی 2020دا جێگیرکرا بەڵام لە پەرلەمان پەسەند نەکرا."


دەشڵێت، ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکە کە هەرێمی کوردستان دەبێت مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان ڕادەست بکات لە بەرامبەردا بەغداش بودجەى هەرێمی کوردستان دەنێرێت کە ڕێژەکەى 12.67%یە تاوەکو بتوانێت موچەی فەرمانبەرانی بدات."

ئەحمەد سافار جەختی کردەوە کە ئەو "ڕێککەوتنە سەرەتاییە و دەخرێتە پڕۆژەیاسای ساڵی 2021."

دوێنێ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە و ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ بەغدا، ڕاشیگەیاند، گفتوگۆکان بەردەوامدەبن بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی.   

  

مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە و دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم تاووتوێ کرا.  

  

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ بەغدا و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.  

  

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک سازش لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم ناکات و چاوەڕێی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێمە بۆ مانگی ئۆکتۆبەر لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، کە تا ئێستا نەنێردراوە، ئەوە جیا لە مانگەکانی پێنج و شەش و حەفتی ئەمساڵ کە ماف و شایستەیەکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و حکومەتی فیدراڵی تا ئێستا نەیناردووە.  

  

سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021، لەیەکگەیشتنی باش  لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هاتووەتەئاراوە، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاراستەی گەیشتتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە چوارچێوەی ئەو پرنسیپانەی کە لەسەری ڕێککەوتووین.