گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناردنی 900 ملیار بۆ هەرێم

ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی ناردنی 900 ملیار دیناری مانگانە لە بەغداوە بۆ هەرێم

2020.12.05 - 20:51
App store icon Play store icon Play store icon
ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی ناردنی 900 ملیار دیناری مانگانە لە بەغداوە بۆ هەرێم

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 لە ئەنجومەنی وەزیرانە دیار نییە کەی ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت، ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت، خاڵەکانی تایبەت بە هەرێم لە بودجەدا هەروەک یاسای قەرز وایە و جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە، دەشڵێت، تائێستا هەنگاوی سیاسی بۆ ڕێککەوتن نەنراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ " ناس کورد" (شەممە 5ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، " لیژنەی دارایی بەتایبەتی  و پەرلەمانی عێراق بەگشتی تائێستا ئاگاداری ناوەڕۆکی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 نییە، تائێستا نازانین ئەو بودجەیەی کە حکومەت تەرخانیکردووە بۆئەمساڵ چەندە، لە هەمانکاتیشدا ئاگاداری ڕێژەی ئەو کورتهێنانەش نین کە لەبودجەکەدا هەیە".

 

 وتیشی، " بڕیارە ئەنجومەنی وەزیران ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاساکە بکات، بەڵام دیار نییە کە ڕەشنووسەکە ڕەوانەی پەرلەمان دەکات، دەبوایە حکومەت پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابڕدوودا ڕەوانەی پەرلەمان بکردایە، ئەوە نزیکەی دوو مانگە حکومەت دوا کەوتووە لە ڕەوانەکردنی بودجەکە".

 

لەلایەکی دیکەوە، شیروان میرزا، ئەندامی هەمان لیژنە لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "ئەو خاڵانەی لە یاسای کورتهێنانی داراییدا هەبوون لەبارەی هەرێم و بەغدا، هەر ئەوانەن لە بودجەی 2021یشدا هەن و جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، تەنها ئەوەیە هەردوولا ڕەزامەند بن لەسەری." 

 

وتیشى، "مانگانە حكومەتی عێراق لە 7 بۆ 10 ترلیۆن دینار بۆ خەرجیەكان تەرخاندەكات و لەو ڕێژەیەش پشكی هەرێم بەگوێرەی 12,67%ەكە دیاریدەكرێت كە بۆی رەوانە بكرێت ئەگەر لە حاڵەتێكدا كار بە یاسای ئیدارەی مالی بكرێت ئەوا دەبێت هەرێم پابەندی ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیلی نەوتی ڕۆژانە  و ڕادەستكردنی 50%ی داهاتی خاڵەسنوریەكان بێت".

 

 

میرزا ئاماژەی بەوەشكرد، " ئەو 900 ملیار دینارەی كە باس كراوە تەنها پێشنیازەو ئەگەر هەرێم پابەندی ڕێككەوتنەكان بێت لەگەڵ بەغدا مانگانە لەو بڕە پارەیەی لە حكومەتی عێراقەوە بۆ خەرجییەكان تەرخاندەكرێت پشكی هەرێم بەگوێرەی 12,67% دیاری دەكرێت و پارەی بۆ ڕەوانەدەكرێت".



 سەبارەت بە کاریگەری دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە لەسەر خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق جەمال کۆچەر وتی، " حکومەت ئاگاداری پەرلەمانی کردووەتەوە کە ئەگەر بودجەی 2021 بە زووترین کات تێپەڕنەکرێت ئەوا ناتوانێت سەرەتای ساڵی داهاتوو موچەی فەرمانبەرانی مسۆگەر بکات".

 

 لەبارەی کاتی پێویست بۆ پەسەندکردنی بودجەکە لە پەرلەمان، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، " پەسەندکردنی بودجە گفتوگۆی چڕی دەوێت لەلایەن فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق، پێدەچیت زیاتر لە مانگێک بخایەنێت".

 

شیروان میرزاش ڕوونیکردەوە، "بەداخەوە تاوەکو ئێستا هەنگاوی سیاسی ڕێککەوتنی بۆ ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا نەنێراوە و ئەو شاندەش کە چوونەتە بەغدا شاندی هونەری بوون." 

 

وتیشی، "ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد سێ هەفتە پێش ئێستا شاندی حکومەتی هەرێم بهاتنایەتە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان." 



لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا لایەنە عێراقییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی داراییان بەبێ ڕەزامەندی کورد تێپەڕکرد، کە مەرجی ڕادەستکردنی نەوت و نێوەی داهاتەکانی خاڵە سنورییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان دانا بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم ڕادەستبکەن، لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی بودجەی 2021 وپشکی هەرێم بە و بودجەیە  ماوەی دوو ڕۆژە شاندێکی دانووستکاری ڕەوانەی بەغدا کردووە.