گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەرکوک؛ دەسەڵاتی دەروازەکان درایە هێزەکانی پۆلیس

2020.12.05 - 16:43
App store icon Play store icon Play store icon
کەرکوک؛ دەسەڵاتی دەروازەکان درایە هێزەکانی پۆلیس

ناس کورد-کاروان مەحمود 

وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، بڕیاری ڕادەستکردنی دەروازەکان بە هێزەکانی پۆلیس لەسەرجەم پارێزگاکان بووەو لە کەرکوکیش پرۆسەکە بەتەواوی جێبەجێکراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک (شەممە 5ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، بە بڕیاری مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لەسەرجەم پارێزگاکان کاروباری دەروازەکان ڕادەستی پۆلیسی خۆجێیی دەکرێت و لە کەرکوکیش بریارەکە بەتەواوی جێبەجێکراوە.

 

باسی لەوەشکرد، هێزەکانی پۆلیس ڕۆژانە لە کەسانی داواکراو و گومانلێکراو ئاگادار دەکرێنەوە و پیشتریش زانیاری تەواویان پێدراوە لەبارەی بەڕێوەبردنی دەروازەکان و بەوەش بڕیار دراوە لەسەرجەم پارێزگاکان دەروازەکان بدرێتە دەست هێزەکانی پۆلیس.

 

سەبارەت بە مانەوەی ئەو هێزانەی پێشتر کاروباری دەروازەکانیان بەڕێوەدەبرد، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک وتی، "ئەو هێزانە لەشوینی خۆیان دەمێننەوە بۆ پارێزگاری ئەو دەروازانە، بەڵام بەڕێوەبردنی دەروازەکان و بڕیارەکان دەدرێتە هێزەکانی پۆلیس."

 

جەختی لەوەشکردەوە، لە کەرکوک پرۆسەی ڕادەستکردنی دەروازەکان جێبەجێکراوە، لەلایەن ئەو هێزانەی پێشتر کارەکانیان بەرێوەدەبرد هیچ گرفتێک دروست نەبووە.