گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەوى شۆک لە هەولێر

پێشبڕکێیەکی ئۆتۆمبیل خەونەکانى محەمەد و شاڵاوى لەگۆڕنا

2020.12.05 - 13:17
App store icon Play store icon Play store icon
پێشبڕکێیەکی ئۆتۆمبیل خەونەکانى محەمەد و شاڵاوى لەگۆڕنا

ناس کورد-

محەمەد و شاڵاو لە چایخانەیەکى سەر شەقامى 60 مەترى هەولێر وەستابوون کاتێک ئۆتۆمبیلێک بەخێراییەکى زۆرەوە خۆى پێداکێشان و دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمە دەرەنجامى رووداوێکى سەختى شەوى رابردوو بوو لەشەقامێکى هەولێر، کە پۆلیس و شایەتحاڵەکان هۆکارەکەى بۆ پێشبڕکێی دوو ئۆتۆمبیل دەگەڕێننەوە.

 

بەپێی بەدواداچوونەکانى "ناس کورد" (5ى کانوونى یەکەمى 2020)، محەمەدى تەمەن 21 ساڵان کە بە پاقلە فرۆشتن بژێوى ژیانى دابیندەکرد، ئەو کاتەى رووداوەکە روویدا لەگەڵ شاڵاوى هاوڕێی پێکەوە وەستابوون، بەبێ ئەوەى بزانن ئەوە دەبێتە دواین چرکەساتى ژیانیان و چیتر روناکى نابیننەوە.

 

بەوتەى شایەتحاڵەکان کە قسەیان بۆ "ناس کورد" کرد، رووداوەکە کاتێک روویداوە کە دوو ئۆتۆمبیلى جۆرەکانى بی ئێم و ئەڵتیما پێشبڕکێیان کردووە و کاتێک بی ئێمەکە ویستویەتى پێش ئۆتۆمبیلەکەى دیکە بداتەوە پێکدادان لەنێوانیان روویداوە و بەخێرایی چووەتە سەر شۆستەکە.

 

  

 

 

شاڵاو کە کاسبکارە و تەمەنى تەنها 18 ساڵە، لەکاتى رووداوەکەدا لەگەڵ محەمەد بووە کاتێک ئۆتۆمبیلەکە بە خێراییەکى زۆرەوە خۆى پێداکێشاون.

 

لەرووداوەکەدا محەمەد و شاڵاو پێکەوە گیانیان لەدەستدا، کەسێکى تریش کە پاکەت فرۆش بووە بریندار بووە و قاچى شکاوە، شۆفێرى ئۆتۆمبیلەکانیش دەستگیرکراون.

 

یەکێک لە شایەتحاڵەکان وتى ئۆتۆمبیلەکە ستونێکى پردەکە گرتویەتییەوە ئەگەرنا ئەگەر هەبوو ژمارەى قوربانیان زیاتر بێت.

 

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە "ناس کورد" ى راگەیاند، گەیاند، رووداوەکە بەهۆى پێشبڕکێ وە روویداوە و دوو کەس مردوون کەسێکیش برینداربووە.

فازڵ حاجى هەروەها لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى "شوفێری بی ئێمەکە بەهۆی سەرەرۆیی دووکەسی کوشتووە کەسێکیشی بریندار کردووە، کەچی زوو خزم و کەس دۆستانی کەگەیشتنە شوێنی روداوەکە تابلۆی سەیارەکەیان نوشتاندەوە، نەوەک سبەی کەسەیارەکە دەفرۆشنەوە لەنرخی کەم بکات، وادیارە خوێنی ئەو کەسانەی رژاوە قیمەتی کەمترە لەسەیارەکە لای ئەمجۆرە کەسانە".