ناس کورد-
لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق هەوڵەکانى بۆ دابینکردنى موچەى یەک ساڵى فەرمانبەران لە پڕۆژەبودجەى ساڵى 2021 چڕ کردووەتەوە کە پێشبینی دەکرێت ئەم هەفتەیە ڕەوانەى پەرلەمان بکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی لەپەرلەمانى عێراق (5ى کانوونى یەکەمى 2020) لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى "سەباح"ى فەرمى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاندووە، پەرلەمان لە تێپەڕاندنى پڕۆژەیاساى بودجەى ساڵى داهاتوو دواناکەوێت گەر حکومەت ڕەوانەى بکات و لیژنەکەشیان بۆ دابینکردنى موچەى فەرمانبەران لەو پڕۆژەیەدا تێدەکۆشێت.
وتیشى، ئەگەرى ئەوە هەیە حکومەت پەنا بباتە بەر لێبڕینى دەرماڵەى چەند چینێکى دیاریکراو لە فەرمانبەران بەڵام هەموویان نا، ئەوەش هێشتا دڵنیایی لەسەر نییە ئایا دەیکات یاخود دەست بۆ ئەو کارە نابات.
ئەندامەکەى لیژنەى دارایى ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، لیژنەى دارایى هەر یاساییەکى ترى بۆ قەرزکردن ڕەتکردووەتەوە بەڵام لەبودجەى ساڵى 2021 دا قەرزکردن هاتووە و ئەوەش کارێکى ئاساییە لەبەر ئەوەى هەموو پڕۆژە بودجەیەک پلانى تێدایە بۆ قەرزکردن یاخود بەکردەوەش قەرزەکە بکرێت.
کۆچەرى داواشیکرد پەلە بکرێت لەڕەوانە کردنى پڕۆژەکە کە وەرەقەى سپى چاکسازیش لەخۆدەگرێت و ئەوانیش وەکو لیژنەکە چەند بڕگەیەکى کەمى دەخەنە سەر و حکومەت دەتوانێت جێبەجێى بکات.
لاى خۆیەوە، حسێن عەقابی ئەندامى پەرلەمانى عێراق پێشبینیکردووە پڕۆژەى بودجەى 2021 لەم هەفتەیەدا بگاتە پەرلەمان.