ناس کورد-
بڕیارە سبەینێ ژمارەیەک لە "هاوڕێبازان"ی نەجمەدین کەریم دروستکردنی لیستێک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕابگەیەنن و بەرپرسی پێشووی نوسینگەی نەجمەدین کەریمیش دەڵێت، ئەو کەسەی ئەو کارە دەکات، پێشتر پاسەوانی د. نەجمەدین بووە و دەیەوێت لەژێر ناوی ئەودا خۆی وەک سیاسییەک نیشانبدات بۆ بەرژەوەندی خۆی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە (هەینی 4ی کانونی یەکەمی 2020) بەناوی "هاوڕێبازان"ی د. نەجمەدین كەریم، بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هاتووە، " داوا لە رۆژنامەنوسان دەكەین سبەینێ شەممە، لە هەولێر ئامادەبن بۆ روماڵكردنی ئایندەی رەوتەكەمان و پرسی بەشداریمان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق."
لەوبارەیەوە نەشوان جەلال، بەرپرسی پێشووی نوسینگەی د. نەجمەدین کەریم و نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "نە من و نە بنەماڵەی د. نەجمەدین هیچ پەیوەندییەکمان بەو کارەوە نییە و هەر ئەمشەو پەیوەندیمان بەو کەسەوە کرد کە ئەو کارە دەکات بۆ ئەوەی پاشگەزبێتەوە و بەناوی د. نەجمەدین کار نەکات."
وتیشی، "ئەو کەسەی ئەو بانگەوازەی بڵاوکردووەتەوە، پێشتر لەساڵی دەوروبەروی ساڵی 2014 بۆ ماوەی سێ ساڵ لە کەرکوک لە دەستەی پاسەوانانی د. نەجمەدین بووە، بەڵام دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بەشێکیانمان ناردەوە بۆ سلێمانی و ئەم کەسە یەکێکە لەوانە کە لەدوای ناردنەوەی بۆ سلێمانی لە هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن دەوامی دەکرد."
"ئەو کەسە لە هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن بەهۆی پابەندنەبوونی بە دەوامکردن و سەرپێچیکردن دەرکراوە و کۆتایی بە ڕاژەکەی هاتووە، ئێستا چووەتە هەولێر و دەیەوێت خۆی وەک چاودێرێکی سیاسی نیشان بدات و لەژێر ناوی د. نەجمەدین لیستێکی سیاسی دروست بکات بۆ بەرژەوەندی خۆی."، نەشوان جەلال وای وت.
نەشوان جەلال کە لەئێستادا نزیکە لە خێزانی د. نەجمەدین کەریم، جەختیکردەوە، "ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە خێزانی د. نەجمەدینەوە نییە و من بەناوی ئەوانەوە ئەو کەسەم ئاگاداراکردەوە کە لەو کارەی پاشگەزبێتەوە، بەڵام ئەو وتی، ئێمە بەناوی هاوڕێبازانی نەجمەدین کەریمەوە ئەو کارە دەکەین و ئازادین لەوە."
لەدوای چەند ڕۆژ نەخۆشکەوتنی، 31ی تشرینی یەکەمی 2020، د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
بەوتەی نەشوان جەلال، ئەگەر سبەینێ ئەو کەسە ئەو کارە بکات ئەوا خێزانی د. نەجمەدین کەریم سکاڵای لەسەر تۆماردەکەن و ڕێکاری یاسایی لە دژی دەگرنەبەر.
نەجمەدین کەریم ساڵى 1949 لەشارى کەرکوک لەدایک بووە و دواى نسکۆى شۆڕشەکەى مەلا مستەفا بەرەو ئەمەریکا کۆچى کردووە و ڕەگەزنامەى ئەو وڵاتەشى هەیە و یەکێک بووە لەپزیشکە تایبەتیەکانى مەلا مستەفا بارزانی.
ساڵى 2011 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێم و لەسەر پشکى یەکێتى تا پێش ڕیفراندۆمەکەى هەرێم پارێزگارى ئەو شارە بووە و بەهۆى ئەو ڕوداوانەشەوە چەند جارێک فەرمانى دەستگیرکردنى لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بۆ دەرکراوە و تا پێش نەخۆشکەوتنیشى لەشارى هەولێر ژیاوە.