ناس کورد-
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی تەندروستی بۆ هەمووان، تۆڕی پاراستنی تەندروستیی گشتی پەیامێک ئاڕاستەی هاووڵاتیانی هەرێم دەکات و داوای خۆپیشاندانی ئەلکترۆنی دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی تۆڕی پاراستنی تەندروستیی گشتی:
جەماوەری بێ خزمەتی تەندروستی کوردستان
تەندروستکاران
مامۆستایان
ژنان
منداڵان
بەساڵاچوان
موچەخۆرانی نانبڕاو
بەرواری ١٢/١٢ هەمو ساڵێک ملیۆنان کەس، بە چالاکی جۆراوجۆر، رۆژی تەندروستی بۆ هەموان لە سەرانسەری جیهان بەرزڕادەگرن.
لەو رۆژەدا و لە ساڵی ٢٠١٢، نەتەوەیەکگرتوەکان بڕیارێکی مێژویی دەرکرد دەربارەی تەندروستی. لە ٢٠١٢/١٢/١٢ نەتەوەیەکگرتوەکان داوای لەسەرجەم وڵاتان کرد کە سیاسەتی گونجاو دابنێن بۆ ئەوەی هەمو کەسێک لە هەر شوێنێک بێ دەستی بە خزمەتی تەندروستی بگا بەبێ ئەوەی بارگرانی دارایی بۆ دروستبێ. نەتەوەیەکگرتوەکان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ئەو خزمەتە تەندروستیەی پێشکەشدەکرێ کواڵیتیەکی بەرز بێ و تێچویەکی گونجاوی هەبێ. ڕێکخراوەکە ساڵی ٢٠٣٠ی دیاریکرد بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی تەندروستی بۆ هەموان. لە ساڵی ٢٠١٧، نەتەوە یەکگرتوەکان ١٢/١٢ی وەکو رۆژی جیهانیی تەندروستی بۆ هەموان دەستنیشانکرد.
ئەمساڵ لەهەمو کاتێ زیاتر گرنگی ئەم رۆژە و ئەم ئامانجە دەرکەوت. لە سەر ئاستی جیهانی، مرۆڤایەتی بە قەیرانێکی تەندروستی گەورەدا تێدەپەڕێ. ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەڕەشەی لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی دروستکردوە و دەریخست کە سیستمێکی تەندروستی بەهێز و یەکسان و دادپەروەر چەندە گرنگە. لەسەر ئاستی کوردستانیش، بە زەقی دەرکەوت کە ئەو سیستمە تەندروستیە نایەکسان و نادادپەروەرەی لەسەر بنەمای قازانجی دارایی دروستبوە، چی هەڕەشەیەکە لەسەر ژیانی خەڵک.
بۆیە، وەکو تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی پلانمان هەیە لەسەر ئاستێکی فراوان چالاکی جۆراوجۆر لەو رۆژەدا ئەنجامبدەین. داواش لە هەمو کەسایەتی و چالاکەوان و رێکخراو و میدیاکان دەکەین کە هاوکارمان بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی کوردستان لە مافە تەندروستیەکانیان و داکۆکیکردن لە مافی گەیشتن بە تەندروستی بۆ هەموان.
لێرەوە داوا دەکەین کە لە رۆژی شەمە ٢٠٢٠/١٢/١٢ خوپیشاندانێکی ئیلکترۆنی ئەنجامبدرێ لەڕێی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە:
١. هەر هاوڵاتیەک لای خۆیەوە دروشمێکی تایبەت بە تەندروستی بخاتە سەر لاپەڕیەک یا سەر دەمامکەکەی و وێنەیەکی خۆی بگرێ.
٢. لەڕێی هاشتاگی #تەندروستی_بۆ_هەموان، وێنەکان بڵاوبکاتەوە. هەروەها دەکرێ ئەم هاشتاگانەش بە زمانی ئینگلیزی بەکارنهێنرێ
#HealthForAll
#UHCDay
#ProtectEveryone
٣. دەکرێ یەکێک لەم دروشمانە لەسەر لاپەڕەیەک یا دەمامک دابنرێ:
تەندروستی بۆ هەموان
تەندروستیمان بۆ فرۆشتن نیە
کەرتی تەندروستی بۆ بازرگانی نیە
نا بۆ بازرگانی بە تەندروستی مرۆڤەوە
لەسەر حسابی تەندروستی ئێمە خۆتان دەوڵەمەند مەکەن
تەندروستی گشتی مافی هەموو هاوڵاتیانە کە بە خۆڕایی و لە بودجەی گشتی کوردستان دەبێ دابین بکرێ.
دژی فرۆشتن و بە تاڵانکردنی کەرتی تەندروستی حکومی دەبینەوە بە کۆمپانیا حزبی و سەرمایەدارەکان
داواکارین بودجەی کەرتی تەندروستی لە ئێستادا ١٥٪ دا کەمتر نەبێت تاکو پێویستیەکانی پاراستنی تەندروستی و موچەی تەواوی کارمەندان دابین بکرێ.
٤. پرۆفایلی وێنەکانتان لەسەر فەیسبوک بکەنە دروشمێکی تایبەت بە تەندروستی بۆ هەموانەوە.
٥. لەپاڵ ئەوانەی سەرەوە پۆستەر و بیرۆکەی جۆراوجۆر لەم پێگە ئیلکترۆنیەی خوارەوە دابنکراوە:
https://universalhealthcoverageday.org/toolkit/#branding
چاومان لە هیمەتی گشت لایەکە بۆ بەرزراگرتنی ئەم بۆنە جیهانیە. با ٢٠٢٠/١٢/١٢ بکەنە رۆژی دەستپێکی کۆتایهێنان بەو سیستمە تەندروستیە دژ بە مرۆڤی لە کوردستان دروستکراوە. با لە ١٢/١٢ لافاوێکی ئیلکترۆنی دروستکەین بۆ ڕاماڵینی گەندەڵی و ناعەدالەتی و نایەکسانی تەندروستی.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی