ناس کورد-
وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەی چاکبوونەوە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەعێراق گەیشتووەتە 87%دا و ڕێژەی مردنیش بەپەتاکە لەئێستادا 2%دایە، ئاماژەى بەوەشکرد، ڕێکارەکانی وەزارەتەکەی ڕۆڵی باڵای هەبوو لەدابەزینی ڕێژەی توشبوون بەخۆشییەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق کە" ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (4ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند "لەماوەیەکی کورتدا توانیومانە ژێرخانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی عێراق دەوڵەمەند بکەین بە پێداویستییە پزیشکییە جۆراوجۆرەکان، کە ئەوەش ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".
وتیشی "پێشکەوتنی جۆریی لە توانای تاقیگەکانی حکومەت ڕوویداوە، ڕۆژانە زیاتر لە 30 هەزار پشکنین ئەنجامدەدەن، لەئێستادا ڕێژەی چاکبوونەوە لە نەخۆشییەکە بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 87%دا و ڕێژەی مردنیش بە پەتاکە نزیکەی 2.2%دایە".
وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق ئەوەشی خستە ڕوو،" عێراق هەماهەنگی تەواوی لەگەڵ ڕێکخراوە پزیشکییە جیهانییەکاندا هەیە و بودجەی پێویستیش بۆ کڕێنی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا لەلایەن حکومەتەوە تەرخانکراوە، هەرکات ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕێگەی بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەدا ئەوا عێراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدا دەبێت کە هاوردەی دەکات".