ناس کورد-
شیرین ئەمین، ئەندامى پەرلەمانی کوردستان و هاوسەری کاوە گەرمیانی ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو ڕایگەیاند، ئەو هێزەی هێرشکردووەتە سەر ئەوان و خۆپیشاندەران هێزێکی ئاڕاستەکراوی یەکێتی بوون و بەشێوازێکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکی گیرفان بەتاڵدا کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شیرین ئەمین، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان (4ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند "تەندروستیم لەئێستادا جێگیرە، دوێنی زیاتر لەچوار جار بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە بوراومەتەوە، هێزە ئەمنییەکان بەئەنقەست لولەی تفەنگەکانیان ئاڕاستەی من و هاوڕێکانم دەکرد، باش دەیانزانی کە ئێمە پەرلەمانتارین".
وتیشی"ئەو هێزەی لە سەرا جێگیر کرابوو خراپ مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەر و هاووڵاتیانی گیرفان بەتاڵ دەکرد بێ ئەوەی خۆپێشاندەران یەک بەردیش بە ئاراستەی ئەوان بهاوێژن".
شیرین ئەمین ئاماژەی بەوەشکرد "وێنە و شێوازی بەرزبوونەوەی دووکەڵی گازی فرمێسک ڕێژ لە کوچە وکۆڵانەکانی شوێنی خوپیشاندانەکەی ناو بازاری سلێمانی لە وێنەی کیماویی بارانکردنەکەی شاری هەڵەبجە دەچو کەڕژێمی دیکتاتوری گۆڕبەگۆڕ دژبە میلەتی کورد ئەنجامیدا".
لەبارەی ئەو ڕێکارانەی کەبەنیازن دوای ئەو ڕووداوە بیگرنە بەر، شیرین ئەمین وتی "پرسی پێشکەشکردن و تۆمارکردنی سکاڵا دژ بەلایەنە پێشێلکارەکان بە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق لەگەڵ هاوڕێکانم لە پەرلەمان تاوتوێی دەکەین، بەردەوامیش دەبین لە داکۆکیکردن لە مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە هەموو ڕێکارێک چ لە ناو پەرلەمان یاخود لەدەرەوەی پەرلەمان".
سەبارەت بە مەراسیمی حەوتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی کە سبەی ڕێککەوتی تیرۆرکردنەکەیەتی، شیرین ئەمین وتی "بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بەرگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەمساڵ تاڕادەیەکی زۆر مەراسیمەکان سنوردار دەبن، سبەی بەیانیەکەی مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی کاوە گەرمیانی لەسەر گڵکۆکەی لەشاری کەلار بەڕێوەدەچێت و ئێوارەکەشى بڕیارە لەکاتژمێر 8:30 ساتی تیرۆرکردنەکەی مەراسیمێکی سنوردار لە ماڵی دایکی ئەنجام بدرێت".
دوێنێ (پێنجشەممە) شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتارى تر بەشداری خۆپیشاندانەکەی بەردەرکی سەرایان کرد، دوای ئەوەی خوپێشاندانەکە گرژی تێکەوت بەهۆی گازی فرمێسک ڕێژەوە توشی لەهۆش چوون بوو.