ناس کورد-کاروان مەحمود
سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان لە رۆژی جیهانی کەمئەندامان داوای هاوکاری زیاتری کەمئەندامان دەکات و رایگەیاند، ژمارەی کەمئەندامان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 120 هەزار کەسە.
سامان حسێن، سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان (3ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، لە ئێستادا نزیکەی 89 هەزار کەمئەندامی مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان هەیە جگە لە 30 کەمئەندام کە مووچەو ئیمتیازاتیان بۆ دیاری نەکراوە، کەواتە بەکۆی گشتی نزیکەی 120 هەزار کەمئەندام لە هەرێمی کوردستان هەیە.
باسی لەوەشکرد، دۆخی کەمئەندامانی هەرێمی کوردستان ئێجگار خراپە بەتایبەت لە ئێستادا کە ماوەی 50 رۆژ زیاترە مووچە نەدراوە و ئەوەش بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکانیان لە خۆراک و سوتەمەنی بۆ خۆ گەرمکردنەوە.
راشیگەیاند، هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان زۆر سستە بۆ کەمئەندامان و ئەوەی هەیە زۆربەی لەلایەن خەڵکی خێرخواز بۆیان دابینکراوە، بەو هۆیەوە دۆخی کەمئەندامانی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە خراپترە کە باس دەکرێت و دەبینیرێت، بۆ ئەوەش پێویستە لایەنی حکومەتی هەرێم و کەسانی خێرخواز زیاتر لە خەمی کەمئەندامان بن و هەرچی زووە ئاوڕی زیاتریان لێبدرێتەوە.