گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەواوى نەوتى هەرێم

یاریدەدەرێکى مەسرور بارزانى باس لە رادەستکردنى تەواوى نەوتى هەرێم دەکات بە بەغدا 

2020.12.02 - 23:00
یاریدەدەرێکى مەسرور بارزانى باس لە رادەستکردنى تەواوى نەوتى هەرێم دەکات بە بەغدا 

ناس کورد- 

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی ڕایگەیاند، بابەتى نەناردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم سیاسییە و ئەوەش لەدەسەڵاتى کازمیدایە 320 ملیار دینارەکەى موچە بنێرێت.

 

ڕێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی (چوارشەممە 2ى کانونى یەکەمى 2020) لە گفتوگۆیەکى تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینیوویەتى، رایگەیاند، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق سەرقاڵى ڕازیکردنى کوتلە سیاسیەکانى عێراقە بۆ ئەوەى 320 ملیارەکە بنێرێت، بەڵام لە ڕووى یاساییەوە خۆى دەسەڵاتى ئەوەى هەیە بینێرێت، بەتایبەتى مانگەکانى پێشوو کە ناچنە چوارچێوەى یاساى قەرزەوە.

 

هێماى بۆ ئەوەشکرد، نەناردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە بەغدا سیاسییە و لانیکەم کازمى دەتوانێت موچەى 3 مانگ بنێرێت، بەردەوام سەرۆکى هەرێم و سەرۆک وەزیران و جێگرى سەرۆک وەزیران لەپەیوەندیدان لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمارى عێراق، کازمى بیانوى ئەوەى هەیە کە فشارى زۆرى لەسەرە.

 

ڕێباز حه‌ملان جەختیلەوەشکردەوە، حکومەتى هەرێم ئامادەیە هەموو نەوتەکەى ڕادەستى بەغدا بکات، بەڵام لەبەرانبەر ئەوەى حکومەتى عێراق پابەند بێت بە دانەوەى قەرزى کۆمپانیاکانى دەرهێنانى نەوت و دابینکردنى موچەش، ئەگەر حکومەتى عێراق بچێتە ژێربارى ئەمەوە بۆ ئێمەش ئاسانترە.

 

هێماى بۆ ئەوەشکرد، بژاردەى ترمان هەیە و 250 هەزار بەرمیل ڕادەستى بەغدا دەکەین و ئەوى ترى قەرزى لێدەدەینەوە، دەبێت 50%ى داهاتى دەروازە سنوریەکانیش بۆ خۆمان بێت، بەڵام لێرەدا کێشەیەک هەیە، حکومەتى هەرێم یەک ملیۆن و 252 هەزار موچە خۆرمان هەیە، بەڵام حکومەتى عێراق تا ئێستا هەر ئەڵێت ئێوە 682 هەزار موچەخۆرتان هەیە.