ناس کورد-کاروان مەحمود
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان داهاتی دوو مانگی رابردوی حکومەتی هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت :"بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کردوومانە لە دوو مانگی رابردوو حکومەتی هەرێم بڕی یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د.شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (2ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، بەپێی ئەو ئامارو هەڵسەنگاندنانەی کردوومانە و حکومەتی هەرێم لەماوەی دوو مانگی رابردوو بە فڕۆشتنی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، گازی سروشتی، داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان و بەو داهاتەی حکومەتی بەغدا بۆی رەوانە کردووە بڕی یەک ملیارو 300 ملیۆن دۆلاری دەست کەوتووە و جگە لەوەش حکومەتی هەرێم 55 رۆژ پێش ئێستا کاتێک مووچەی دابەشکرد پارەی کەڵەکەبووی هەبوو داهاتی سفر نەبوو.
باسی لە دروستی ئەو ژمارەیە کرد کە ئاماژەی پێکراوە و وتی: "ئێمە داوای هەر راپۆرتێک بکەین لەبارەی داهاتی بەردەست، حکومەتی هەرێم نوسراوی فەرمیمان پێ نادات، بەو هۆیەوە ئێمەش بەدواداچوونی خۆمان دەکەین و هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ داهاتەکان دواتر ئەو ژمارەیە دەستدەکەوێت کەوتووە کە ئاماژەی پێکراوە.
وتیشی :"ئەوەی دەوترێت حکومەتی هەرێم قەرزدەکات بۆ دابەشکردنی مووچە تاوەکو 320 ملیارەکەی بەغدا ڕەوانە دەکرێت، پەرلەمانی کوردستان و لیژنەی دارایی ئاگادار نییە".
سەبارەت بە بانگهێشکردنی وەزیری دارایی لەبارەی وەرگرتنی ئەو قەرزەی حکومەتی هەرێم بەنیازە بۆ مووچە بیکات، د.شێرکۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حکومەت باکی بە پەرلەمانی کوردستان نەماوە و ئامادە نییە وەزیرەکانی بنێرێتە پەرلەمان.