ناس كورد-
سەرۆک کۆمارى عێراق ڕایگەیاند، پێویستە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە گوێرەی دەستور و خواستی کەرکوکییەکان بێت و پارێزگاری لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان بکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نوسینگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکایەتى کۆمار (چوارشەممە، 2ى کانونى دووەمى 2020) لە میانەى بڵاوکردنەوەى ڕاگەیەندراوێک کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە بڵاویکردەوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمارى عێراق پێشوازیکردووە لە راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت و شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکوک و لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری کەرکوک و ئەو کێشانەی روبەڕوی دانیشتوانی شارەکە دەبێتەوە، کراوە.
بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک کۆمار جەختیکردوەتەوە کە کاتی ئەوە ھاتووە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی کەرکوک بێتە ئاراوە کە پشتببەستێت بە خواستی کەرکوکییەکان دوور لە پەراوێزخستن و جیاکاریی و سەپاندنی ئەمری واقع و زامنکردنی ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکان.
سەرۆک کۆمار هێماى بۆ ئەوەشکردوە، پێویستە رێگری بکرێت لەوەی کەرکوک بکرێتە گۆڕەپانێک بۆ ناکۆکی و ململانێکان، چاودێری وردی دۆخی کەرکوک دەکات و کاریش دەکات لەسەر کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان کە روبەڕوی دانیشتوانی دەبێتەوە لەپێناو ھێنانەدی سەقامگیری و پارێزگاری لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پابەندبوون بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و زامنکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسیردراوەکان بە گوێرەی دەستوور و خواستی کەرکوکییەکان.