گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خوێندنى هاوین و یەکخستنى پڕۆگرام

ناس کورد بژادەی تەواوکردنى خوێندنى ئەمساڵ ئاشکرادەکات

2020.12.02 - 18:02
ناس کورد بژادەی تەواوکردنى خوێندنى ئەمساڵ ئاشکرادەکات

ناس کورد-کاروان مەحمود 

بەرپرسێکى پەروەردە بژادەیەک بۆ تەواوکردنى خوێندنى ئەمساڵ ئاشکرادەکات، دواى ئەوەى حکومەت داخستنى دەرگاى قوتابخانەکانى بۆ حەوتى مانگى داهاتوو درێژکردەوە.

 

بەپێی ساڵنامەى وەزارەتى پەروەردە، ساڵانە لە مانگى کانونی یەکەمدا تاقیکردنەوەى وەرزى یەکەم دەستپێدەکات و ئەو وەرزە کۆتایی دێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى کۆرۆناوە هێشتا خوێندن دەستیپێنەکردووە.

 

عومەر محەمەد ئەمین جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی (2ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، بڕیارە پیش 15ی کانونی یەکەمی 2020 بەئامادەبوونی سەرجەم بەڕێوەبەرەکانی پەروەردە وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەیەک بکات و پلان و بەرنامەی سەرجەم پەروەردەکان گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

 

باسی لەوەشکرد، وەکو پەروەردەی سلێمانی داوایانکردووە پرۆگرامەکانی کۆرسی یەکەم و دووەم بکرێت بەیەک و لەلایەن بەڕێوەبەرێتی پرۆگرامەکان و بەهاوکاری کەسانی شارەزا پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و بابەتە گرنگەکانی دیاری بکرێت و تەنها ئەوانە بخوێنرێت.

 

وەزارەتى پەروەردە ساڵى رابردوو 25%ى پڕۆگرامى خوێندنى کەمکردەوە، دواى ئەوەى بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە دەرگاى قوتابخانەکان داخرا، بەڵام تا ئێستا دیار نییە بۆ ئەمساڵ بەڕێژەى چەند کەمدەکرێتەوە.

 

جگە لە پەتاى کۆرۆنا، کێشەى موچەش ئاستەنگى لەبەردەم خوێندن دروستکردووەو دیار نییە ئەگەر حکومەتیش بڕیارى دەستپێکردنەوەى بدات مامۆستایان دەچنەوە هۆڵەکانى خوێندن یاخود نا.

 

عومەر محەمەد وتى "داوامانکردووە هەفتانە سێ رۆژ دەوامی قوتابخانەکان هەبێت و موچە لەکاتی خۆیدا بدرێت تاوەکو بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن نەکرێت".

 

هەروەها ئەوەى خستەڕوو، پلانیان ئەوەیە سەرجەم پشووەکان لاببرێت و پۆلەکانی یەکەمی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی بەدەر بکرێن لەو پلانە و سەرجەم کۆرسەکان بخوێنن و لەو سەرەوە دەوامیان بۆ درێژ بکرێتەوە بۆ وەرزی هاوین.

 

تا ئێستا وەزارەتى پەروەردە بەفەرمى پلانى خۆى ئاشکرانەکردووە بۆ تەواوکردنى خوێندنى ئەمساڵ، بڕیاریشە هەردوو وەزیری پەروەردەو خوێندنی بالا بچنە پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسە.

 

ئاشنا عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی بالا لە پەرلەمانی کوردستان (2ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، "بڕیارە لە رۆژی یەک شەممە هەردوو وەزیری پەروەردەو خوێندنی بالا بێنە پەرلەمان و باس لە پلانی وەزارەتەکەیان بکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی وەرزی یەکەمی خوێندن".

 

پێشیوایە، ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بێت رەنگە وەرزی دووەمی خوێندنیش مەترسی لەسەر بێت چونکە لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا باسی لەوەکرد کە بۆ داهاتووش تاوتوێی دۆخەکە دەکرێت و دواتر بڕیاردەدەن.

 

ئاشنا عەبدوڵا دەڵێت، ئەو پشێنیارەی لەلایەن لیژنەکەیانەوە کراوە بۆ دواخستنی پرۆسەی خوێندن بە دەنگی سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە نەبووەو ئەو لەگەڵ دواخستنی نەبووە، چونکە هۆکاری دواخستنی ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە و دەکرا بەخۆپاریزییەوە وەکو شوێنەکانی دیکەش دەرگای قوتابخانەکان بکرایەتەوە.