گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

ناس بەرنامەى کارى  لیژنەى گفتوگۆى بەغدا و هەولێر ئاشکرا دەکات 

2020.12.02 - 17:44
App store icon Play store icon Play store icon
ناس بەرنامەى کارى  لیژنەى گفتوگۆى بەغدا و هەولێر ئاشکرا دەکات 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

ئەندامێکی لیژنەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر ڕایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی خشتەی کاری لیژنەکەیان و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنە کوردییەکان کۆدەبنەوە. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

حەسەن شوێرد، ئەندامی لیژنەی گفتوگۆی نێوان حکومەتی فیدراڵ وحکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ" ناس کورد" ڕاگەیاند ( 2ی کانوونی یەکەمی 2020)، ڕایگەیاند "دەستمانکردووە بە گەڵاڵەکردنی خشتەیەک بۆ کاری لیژنەکە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بەکارەکانمان دەکەین".

 

 وتیشی "بڕیار وایە لەئێستادا سەرجەم کۆبوونەوەکانمان لە بەغدای پایتەخت ئەنجامبدرێت، کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی چڕ لەگەڵ سەرۆک کۆمار، وەزیری دارایی، سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان بەڕێوە دەچێت".

 

لەبارەی ئەو تەوەرانەی کە لیژنەکە لەبەرنامەی کارەکەیدا گەڵاڵەی کردوون، شوێرد وتی: "بڕیارمانداوە لەئێستادا هیچ زانیارییەک بۆ میدیاکان نەخەینەڕوو، هەر کات لیژنەکە دەستی بەکارەکانیان کرد ئەو کات هەموو زانیارییەکان بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکەین".

 

لەبارەی سەردانیکردنی لیژنەکە بۆ هەرێمی کوردستان، شوێرد جەختیکردەوە "لە بەرنامەی کاری لیژنەکەدا نییە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، چونکە دەرفەتی کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغداش ڕەخساوە".

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند بوو "لیژنەی گفتۆگۆی نێوان بەغدا و هەولێر بەمنزیکانە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن".

 

بە گوێرەی نوسراوێکی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، لە ( 23ی تشرینی دووەمی 2020)  لیژنەیەک لە هەشت پەرلەمانتارى عێراق پێکهێنرا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ و حکومەتى هەرێم لەبارەى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان و دۆزینەوەى ڕێگەچارەى چارەسەرکردنى کێشەکان.

 

لیژنەکە پێکھاتووە لە، محەمەد شیاع سودانی، عەدنان زورفی، محەمەد دەراجی، مزاحیم تەمیمی، عەبود عیساوی، ھیشام عەبدولمەلیک، حەسەن شوێرید و فەیسەڵ عیساوی.