گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێى بەجەرگیدا نا

ئەو ژنە مامۆستایەى ناچاربوو دوکان بە دوکان پارە لە خەڵک کۆبکاتەوە

2020.12.02 - 15:32
ئەو ژنە مامۆستایەى ناچاربوو دوکان بە دوکان پارە لە خەڵک کۆبکاتەوە

ناس کورد-

لەمامۆستاییەوە بۆ نانکردن و وەرگرتنى هاوکارى و پارەوەرگرتن لە لە دوکانداران، ئەمە چیرۆکى چوار ساڵ ژیانى ژنە مامۆستایەکە لەشارى سلێمانى کە پێی بەجەرگى خۆیدا ناو راستییەکانى لەبارەى ژیانییەوە ئاشکراکرد.

 

رۆژى چوارشەممە (2ى کانوونى یەکەمى 2020) لەکاتێکدا چاوى کەناڵەکانى راگەیاندن لەسەر خۆپیشاندانى بەرفراوانى مامۆستایانى ناڕازیی بوو لە سلێمانى بۆ داواکردنى موچەکانیان، رووداوێکى دیکە راى گشتى بەخۆیەوە سەرقاڵکرد کاتێک زومى کامێرى "ناس کورد" دیمەنى ژنە مامۆستایەکى بڵاوکردەوە کە لەیەکێک لە بەناوبانگترین بازاڕەکانى سلێمانى سەرقاڵى پارە کۆکردنەوە بوو.

 

ژنە مامۆستاکە ناوى (ت.م) ەو تەمەنى لە پەنجاکاندایە (ناوى تەواوى لاى ناس کورد پارێزراوە)، مامۆستاى یەکێک لە دیارترین قوتابخانەى شارى سلێمانى یە، ماوەى 28 ساڵە لەگەڵ دوو منداڵەکەى بەتەنها دەژى و مێردەکەى کۆچى دواییکردووە.

 

ئەو ژنە مامۆستایە لەخانوى کرێدایە بەمانگانەى 300 هەزار دینار، وەک خۆى باسیدەکات کرێچییەکەى کاتژمێر دووى پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆى وەک دوا مۆڵەت بۆ دیاریکردبوو تا کرێکەى بدات ئەگەرنا لەخانوەکەى دەریدەکات.

 

(ت.م) کە خزمى نزیکى شاعیرێکى دیارە بە گریانەوە وتى "بەدوکانەکاندا دەگەرێم بۆ کۆکردنەوەى کرێی خانوو، چونکە 50 رۆژە موچەم وەرنەگرتووە، ژیانم زۆر ناخۆشە".

ئەو ژنە بۆ کرێی مانگەکانى پێشووى خانووەکەى ناچاربووە نان بۆ خەڵک بکات، دوێنێیش مۆبایلەکەى دەستى فرۆشتووە بۆ ئەوەى غاز بۆ ماڵەکەى دابینبکات ""ئەم بایەنییە پارەم پێنەبووە نانى پێ بکڕم".

 

هاوارى (ت.م) کە ماوەى 18 ساڵە مامۆستایە هاوکاتە لەگەڵ دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی خەڵک لە هەرێمى کوردستان.

 

کەسێکى ئاگادار لەبارودۆخى ئەو مامۆستایە بۆ "ناس کورد" جەختى لە خراپى دۆخى ئەو مامۆستایە کردەوە و وتى کە لەساڵى 2016 ەوە دۆخى دارایی زۆر خراپ بووە و نانى بۆ خەڵک کردووە، چەند جارێک لە قوتابخانە هاوکارییان بۆ کۆکردووەتەوە.

 

"گوناهـ نییە من مامۆستام دوکان بە دوکان بگەرێم بۆ 250 دینار، لەجیاتى فەرش بەتانیم لەماڵەکەم راخستووە، برسێتى بخەرە ئەولاوە قەیناکە، بەس کرێ خانووەکە بتوانم دابینى بکەم باشە".

 

ئەو خانوەى ئەو مامۆستایەى تێدایە خاوەنەکەى ژنێکە کە ئەویش بەهەمان شێوە مێردەکەى نەماوە و خاوەنى دوو کچە، بەوتەى (ت.م) پێی وتووە کە خۆى بپێچێتەوە بڕوات، چونکە نەیتوانیوە لەوادەى خۆیدا کرێکەى پێبدات.

 

"داوام لە حکومەت ئەوەیە وەکو موچەى لێبڕیون، 30 رۆژ جارێک موچەم پێ بدات"، ئەوە تاکە داواکارى ئەو مامۆستایەیە کە بە قوڕگى پڕ لە گریانەوە ئاڕاستەى حکومەتى کرد.