گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە

کچە یاریزانێک ڕەتیدەکاتەوە خولەکێک بۆ کۆچى دوایى مارادۆنا بوەستێت

2020.12.01 - 20:02
کچە یاریزانێک ڕەتیدەکاتەوە خولەکێک بۆ کۆچى دوایى مارادۆنا بوەستێت

ناس کورد-

یاریزانێکى ژنى تۆپى پێى ئیسپانى رەتیدەکاتەوە خولەکێک وەک ڕێزلێنان لە دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا ئەفسانەى کۆچکردوى تۆپى پێى بوەستێت، چونکە بە سوکایەتیکردن بە ژنان لێکى دەداتەوە.

 

پێگەى فوتبۆڵ نیوز بڵاویکردووەتەوە، پاولا دابینا، هێرشبەرى یانەى فیگاس ئینتریز لەکاتى یاریەکى دۆستانە ڕەتیکردوەتەوە پێش دەستپێکردنى یاریەکە لەگەڵ هاوڕێکانیدا خولەکێک وەک ڕێزلێنان لە مارادۆنا بوەستێت.

 

ئەوەش هاتووە، ئەو یاریزانە لەکاتى ڕێزلێناکەدا بە پێچەوانەى یاریزانەکانى تر دانیشتووە، چونکە پێى وایە وەستان بۆ ئەو یاریزانە کۆچکردوە وەک سوکایەتیکردنە بە بەهاکانى ژن.

 

مارادۆنا یەکێک بوو لەو کەسایەتیە دیارانەى ناوبەناو تۆمەتى ئەنجامدانى توندوتیژى دژى ژنانى ئاراستە دەکرا و لەساڵى 2014 ڤیدیۆیەکى بڵاوکرایەوە گوایە لە هاوڕێ کچەکەى بەناوى ئۆلیڤیا دەدات، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى ناوبراو رەتیکردوەتەوە لێ دابێت و جەختیلەوەشکردبوەوە بە هەموو ژیانى لە هیچ ژنێکى نەداوە و مۆبایلەکەى فڕێداوە و هیچ شتێکى ترى نەکردوە.

 

دواتر پاولا ئەوەى ئاشکرا کردووە، بەهۆى کارەکەیەوە هەڕەشەى کوشتنى لێکراوە و کەسێکیش نامەى بۆ ناردوە و پێى وتووە: "دەتدۆزمەوە و دێمە ماڵەکەتەوە و قاچت دەشکێنم."

 

باسى لەوەشکردوە، "پێموایە دوڕوییە خولەکێک بۆ مارادۆنا بوەستیت کە بەوە ناسراوە توندوتیژى دژى ژنان ئەنجام دەدات، لاى من مارادۆنا بەهرە و تایبەمەندى ناوازەى هەبوو وەک یاریزانێک بەڵام لەسەر ئاستى کەسایەتى نا، خولەکێک وەستان بۆى دژى بەهاکانمە و نەمتوانى ئەو کارە بکەم."