گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تایبەت بە موچەی فەرمانبەران

هۆکاری بێدەنگبوونی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق لەسەر دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم

2020.12.01 - 19:39
هۆکاری بێدەنگبوونی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق لەسەر دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم

 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

ئەندامێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند، تائێستا هیچ فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان سکاڵای ئاڕاستەی کۆمسیۆن نەکردووە لەسەر دواکەوتن و پێنەدانی موچەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دەشڵیت، هەرکات فەرمانبەران لەسەر پێشێلکردنی مافەکانیان سکاڵایان ئاڕاستەی کۆمسیۆن کرد، ئەوا بە فەرمی ڕێکاری خۆیان دژ لایەنی پێشێلکار دەگرنە بەر.

 

فاتن حیلفی، ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق لە لێدوانیکی تایبەتدا بۆ " ناس کورد" (سێشەممە 1ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "سەرباری ئەوەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق نوسینگەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام تائێستا فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر دواکەوتن و پێنەدانی موچەکانیان هانایان بۆ ئێمە نەبردووە و هیچ سکاڵایەکیشیان لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارنەکردووە".

 

ئەندامەکەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق ئەوەشی وت، "هەرکات فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی سکاڵایان لەسەر پێشێلکردنی مافەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کرد، ئەوا بەدڵنیاییەوە کۆمسیۆن دێتە سەرهێڵ و ڕێکارەکانی خۆی بە پێی یاسا دژبە لایەنی پێشێلکاردەگرێتە بەر".

 

مەرجداركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای قەرزی په‌رلەمانی عێراقدا و بەستنەوەی بە ڕادەستكردنی بەشێك لە داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆییەوە، جارێكی دیكە مەترسیی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست كرد، سەرباری ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ تەنها چوارموچەیان وەرگرتووە، نزیکەی دوومانگیش دەبێت موچەی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوویان وەرنەگرتووە.