گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تا مردن خزمەتی بەساڵاچوویەکی کرد

لە قەڵادزێ پۆلیسێک تا مردن خزمەتی بەساڵاچوویەکی بێ کەس دەکات

2020.12.01 - 19:20
لە قەڵادزێ پۆلیسێک تا مردن خزمەتی بەساڵاچوویەکی بێ کەس دەکات

ناس کورد-

لەشاری قەڵادزێ دوای توشبوونی هاووڵاتییەکی بێ کەس بە کۆرۆنا دەبرێتە نەخۆشخانە و لەلایەن کارمەندێکی پۆلیسەوە تا مردن خزمەت دەکرێت، پۆلیسەکە دەڵێت، پێی وتووە کە ئەو وەک کوڕی خۆی وایە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین (سێشەممە 1ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی هاووڵاتییەکەی بەساڵاچووی بێ کەس بەناوی محەمەد ڕەسوڵ قادر، توشی کۆرۆنا بووە و کەس نەبووە خزمەتی بکات، کارمەندێکی پۆلیس لە بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ بەناوی ئازاد کەریم، تا مردن خزمەتی کردووە."

 

ئازاد کەریم کە پۆلیسە لە بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی قەڵادزێ، دەڵێت، " ئەو هاووڵاتیە بێ کەس بوو، هاوڕێیەکم لە ماڵی خۆی خزمەتی دەکرد، پاش ئەوەی توشی کۆرۆنا بوو هێنرایە نەخۆشخانە، بەڵام کەسێک نەبوو خزمەتی بکات، منیش وەکو کارمەندێکی پۆلیس وێڕای بەجێهێنانی ئەرکی خۆم بە هاوکاری هاوڕێکەم بڕیارماندا خزمەتی بکەین."

 

کارمەندەکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ ئاماژەی بەوەشكردووە، " ڕۆژانە پاکمان دەکردەوە و لەسەر ئەرکی خۆمان خواردن و خواردنەوەمان بۆ دابین دەکرد، بەڵام چاوڕێمان دەکرد نەخۆشیەکە تێپەڕێنێت و بەسەلامەتی لەنەخۆشخانە بیبەینە دەرەوە، بەڵام بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا و نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە گیانی لەدەستدا و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بەخاک سپێردرا."

 

ئازاد کەریم باسی لەوەشردووە. " تا ئەوکاتەشی لە ژیاندا مابوو پێم دەگوت وا حساب بکە من کوڕی تۆم و هیچ خەمت نەبێ خزمەتت دەکەم،  ئێمە وەکو کارمەندانی پۆلیسی نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ بەردەوام لە خزمەتی هاوڵاتیان داین، وێڕای بەجێهێانی ئەرکی یاسایی خۆمان هاوکار و پشتیوانی هاوڵاتیانین."