گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێ ڕێگرە؟

شاندی هەرێم بۆ بەغدا: دوو بەیاننامە و کۆمەڵێک هەڵوێستى جيا

2020.12.01 - 17:06
App store icon Play store icon Play store icon
شاندی هەرێم بۆ بەغدا: دوو بەیاننامە و کۆمەڵێک هەڵوێستى جيا

ناس کورد-

نزیکەى سێ هەفتە بەسەر دەرچوونى یاساى قەرزەکاندا تێپەڕیوە لە بەغدا کە شایستەى داراییەکانى هەرێم پەیوەست دەکاتەوە بە رێککەوتن لەسەر نەوت، بەڵام هێشتا حکومەتى هەرێم بەهۆى ناکۆکی و فرە ئاڕاستەییەوە یەکلایی نەبووەتەوە لەسەر ڕەوانەکردنى شاند یان دەستپێکردنى دانوستان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوو ئاڕاستەی جیاواز

جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم، قوباد تاڵەبانى، لە دیدار لەگەڵ شاندێکى بەریتانى بە سەرۆکایەتى جەیمس کلیڤلى، وەزیرى کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست (1ی کانونى یەکەمى 2020) باسى لەوەکردووە، حکومەتى هەرێم لەنزیکترین دەرفەتدا شاندى هەرێم دەچێتە بەغدا، بەبێ ئەوەى هیچ وادەو بەروارێک دیارى بکات، بەڵام بەیاننامەى سەرۆکى حکومەت مەسرور بارزانى بەبێ ئاماژەکردنى رەوانەکردنى شاند دەڵێت، هەرێمی كوردستان هەموو ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵییش ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات".


جیاوازى تۆنى ئەم دوو لێدوانەى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى کە لە بەیاننامەى نوسینگەکانیاندا ڕاگەیەنراوە، هاوکاتە لەگەڵ هەندێ زانیارى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە لەبارەى دوو بەرەیی لەناو حکومەت، هەروەها لەنێوان یەکێتى و پارتى و گۆڕان و هێزە سیاسییەکانی تریش لەبارەى چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانى دواى تێپەڕاندنى یاساى قەرزکردن.


هەر بەپێى زانیارییەکان، پارتى کە سەرپەرشتى دۆسیەى نەوت و پەیوەندییەکان و سەرۆکایەتى حکومەت و سەرۆکایەتى هەرێم دەکات، بەردەوامە لە سیاسەتى ملنەدان بۆ دانوستان لەژێر گوشارى تێپەڕاندنى تاکلایەنەى یاساکە بەبێ وردبوونەوە لە ناوەرۆکەکەى بەتایبەت کە ئەو نامەیەشى حکومەتى هەرێم ئاراستەى بەغداى کردووە بۆ موچەى مانگەکانى پێشوو هێشتا بێ وەڵامە، بەرامبەر بەمەش بەشێکى زۆر لە یەکێتى و ستافە حکومییەکەى پێیانوایە ئەگەرچى تێپەڕاندنى یاساى قەرز تاکلایەنە و بە نەفەسى سەپاندن بووە لەلایەن هێزە شیعەکانەوە، بەڵام دەقى مادەى 7ی یاساکە نەرمی زۆرى تێدایە و هەمووى لەدژى خواستەکانى حکومەتى هەرێم نییە.

 

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەى کە ناس کورد بە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بەدەستی گەیشتووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێم ڕێگری لە چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا.


یەکێتى و گۆڕان کە دوو جەمسەرى پێکهێنەرى حکومەت بە هاوبەشى داواى ڕەوانەکردنى "شاندێکى بڕیاربەدەست" یان کرد بۆ بەغدا، بافڵ تاڵەبانى هاوسەرۆکى یەکێتیش لاى خۆیەوە رایگەیاند چارەسەرى قەیرانى موچە لە بەغدایە، بەڵام ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق (سێشەممە 30ی تشرینی دووەمین 2020) بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، بڕیارە ئەو لیژنەیەى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دروستى کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەکانى هەولێر و بەغدا، بەم زووانە سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات. ئەمە لەکاتێکدا لیژنەکە پەرلەمانییەو بڕیارى جێبەجێکارى لەدەستدا نییە و لە باشترین حاڵەتدا راپۆرتى خۆى بەرز دەکاتەوە بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان.


ناجۆرى هێزە پێکهێنەرەکانى حکومەت لەبارەى چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا لە "هەراکەى پەرلەمان" دا زەقتر دەرکەوت کاتێک هەندێ پەرلەمانتارى یەکێتى چوونە ریزى ناڕازییەکان و بەلێدانى مێزەکانیان چوونە پاڵ ئەو پەرلەمانتارانەى ئۆپۆزسیۆن کە داواى رادەستکردنى نەوتیان دەکرد بە بەغدا.


وا دەریش دەکەوێت ئەم ناجۆرییە هەر لەئاستى سێکوچکەى حکومەتدا نەبێت و شۆر بووبێتەوە بۆ ناو یەکێتى و گۆڕان، چونکە کاتێک پەرلەمانتارەکانى یەکێتى مێزیان ئەکوتى میدیاى هەندێ سەرکردەى دیارى یەکێتى بڵاویانکردەوە کە خەڵک بە پەرلەمانتارە مێزکوتەکانى یەکێتى پێ دەکەنن، ئەم هەڵوێستە لەناو گۆڕاندا بوو بەهۆى شەڕە بەیاننامە و دووبەرەییەکى وەها هێشتا مشتومڕى ئەوە یەکلایی نەبووەتەوە کامیان گوزارشت لە گۆڕانى فەرمى و راستەقینە دەکات.